x

X
05/01/2025
مامۆستا مەلا ئەحمەد سەنگەسەری، دۆستی میحراب و حوجرە و مزگەوت، پشت لە دیوەخانەکانی ستەمکاران

مامۆستا مەلا ئەحمەد سەنگەسەری، دۆستی میحراب و حوجرە و مزگەوت، پشت لە دیوەخانەکانی ستەمکاران

مامۆستا مەلا ئەحمەد سەنگەسەری، پەروەردەکارێکی گەورەی حوجرەکانی کوردستان بوو. ئەو ئەستێرەیەکی درەوشاوە بوو کە چەندین ئەستێرەی گەشاوەی دیکەی لە دوای خۆیدا جێهێشتووە. زانایەکی گەورەو موجاهیدێکی خواناس بوو، لە بەرگی پیاوێکی سادەو خاکیدا.

ئەو پیاوەی هەموو ئێوارەیەک کە نوێژی مەغریبی لە مزگەوت دەکرد، تا نوێژی خەوتنان میحرابی مزگەوتی جێنەدەهێشت. ئەو پیاو هێندە عاشقی میحراب و مزگەوت بوو، سەحەری هەموو شەوێک و کاتژمێرێک بەر لە بانگی بەیانی ڕێگەی مزگەوتی دەگرتەبەر و تا کاتی خۆر هەڵاتن لە مزگەوت دەمایەوە.

هەڵکشانی تەمەن و نەخۆشی و ناخۆشییەکانی رۆژگار لە مزگەوتی دانەبڕی. دنەدان و هاموشی ستەمکاران لە شاڕێی مزگەوت و حوجرە و میحراب داینەبڕی.

باس لە مامۆستا مەلا ئەحمەد سەنگەسەری دەکەم کە لە شەوی دوو لەسەر سێی کانونی دووەم واتە دوای ساڵێک و ١٥ رۆژ لە وەفاتی مامۆستاکەی کە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای قەڵاتییە گیانی لە دەستدا.

مامۆستا مەلا ئەحمەد کوڕی مامۆستای دیاری ئاینی ناوچەی پشدەر مەلا سلێمان سەنگەسەرییە و لە ساڵی ١٩٤١ لە گوندی گرتک لە ڕۆژئاوای سەنگەسەر لە دایکبووە.

لە ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی سڵێ حوجرەی تایبەتی خۆی هەبووە لە ساڵی ١٩٧٢ ئیجازەی شەرعی لە لای مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای قەڵاتی لە گوندی قەڵاتی دۆڵی باڵەییانی ناحیەی قەسرێ وەرگرتووە. پاشان بە هۆی وەفاتی مامۆستا مەلا سلێمانی باوکییەوە گەڕاوەتە زێدی خۆی و لە گوندی دووگۆمان حوجرەی پێگەیاندنی فەقێیانی کردووەتەوە.

بەهۆی ئەوەی تەواوی دانیشتوانی گوندەکەی بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بوون و بە هاوین و زستان گەرمیان و کوێستانیان کردووەو لە هاویندا چونەتە کوێستانە سەختەکانی شاخی قەندیل، ئەویش بۆ ئەوەی قوتابییەکانی لە خوێندن و فێربوون دانەبڕێن و دانیشتوانی گوندەکەشی لە وتاری هەینی و نوێژی جەماعەت دانەبڕێن، ئەویش لەگەڵیان چووەتە کوێستان و یەکێک لە ڕەشماڵەکانی کردووەتە حوجرەی پێگەیاندن و شارەزاکردنی قوتابییەکانی بە ئاینی ئیسلام. تا ساڵی ١٩٧٦ بەم شێوەیە ماوەتەوەو پاشان لەساڵی ١٩٧٧ چووەتە سەنگەسەر و لەوێش حوجرەی خۆی کردووەتەوە. لەو کاتەشی رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٩ خەڵکی ناوچەکەی بە شێوەی زۆرەملێ ڕاگواستووە بۆ کۆمەڵگەی جدیدە لە نزیک هەولێر، لەوێش بەردەوام بووە لە کارەکەی خۆی و هێندە عاشقی خوێندن و فێرکردن بووە تەنانەت ماڵەکەی خۆی وەک شوێنی فێرکردن بۆ قوتابییەکانی بەکارهێناوە. لە ساڵانی کۆتایی سەدەی بیستەمیش لە پەیمانگای ئیمام شافیعی وانەی شەرعی بە قوتابیانی ئەو پەیمانگایە گوتووە کە بارەگای ئەو پەیمانگایە لە نێو مزگەوتی حاجی موراد بووە لە گەڕەکی سێتاقانی شاری هەولێر.

کەم مامۆستای ئاینی هەیە، هێندەی مامۆستا مەلا ئەحمەد سەنگەسەری نەرم و نیان بووەو دژی بە کارهێنانی توندوتیژی بووە.

ئەو تەنیا مامۆستاو مورشیدێکی ئاینی نەبووە، بەڵکو خاوەنی پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی بووە و ئەوەی جارێک لە کۆڕ و کۆبونەوەکانی ئامادە بوبایە هەرگیز لە یادی نەدەکرد و بەشێوەیەک دۆستایەتی لەگەڵ دروست دەکرد وەک ئەوەی کەسێکی زۆر نزیکی بێت.

ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی نەوەیەکی خوێندەوار و بە هاندانی ئەو کوڕە گەورەکەی خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە شەریعەت و کوڕێکی دیکەشی خاوەنی بڕوانامەی بۆردە لە بواری پزیشکی و سێ کوڕی دیکەشی خاوەن بڕوانامەن لە زمانی ئینگلیزی و بواری کارگێڕیدا. ئەوە جگە لەوەی نەوەکانی لە بواری شەریعەتی ئیسلامی و پزیشکی گشتی و پزیشکی ددان و پزیشکی دەرمانسازی و ئەندازیاری مەدەنی و ئەندازیاری ئایتی و بواری شەریعەت و یاساو کارگێری و زمانی ئینگلیزی جێ پەنجەیان دیارە.

کەم کەس هەیە لەو سەردەمە لە سەنگەسەر ژیابێت و گوێبیستی وتارەکانی مامۆستا نەبووبێت لە بارەی واجبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم.

مامۆستا مەلا ئەحمەد سەنگەسەری هیچ کات لە بەرەی زاڵم و ستەمکاران نەبووەو هەمیشە خۆی بە دوورگرتووە لە نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتدارانی زاڵم و ستەمکار و بگرە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە دەسەڵاتدارانەی بە واجب زانیوە.