كەشناسی پێشبینی دەكات لە چەند رۆژی داهاتوودا شەپۆڵێكی سەرماو سۆڵە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوەو پلەی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو نزم ببێتەوە، هەر بۆیە لەم كاتانەدا شوفێران پێویستە پشكنینی (ئەنتی – فریز) ی ئۆتۆمبێلەكانیان بكەن، شارەزایەكی بواری ئۆتۆمبێلیش ئاماژە بەوە دەكات، لە هەندێك كاتدا رێژەیەكی زۆری (ئەنتی – فریز) زیانی گەورە بە ئۆتۆمبێل دەگەیەنێت.
ئارام سالار، شارەزای بواری ئۆتۆمبێل دەڵێت، لە كاتی دابەزینی پلەی گەرمادا شوفێر پێویستە پێشوەختە پشكنین بۆ (ئەنتی – فریز) ی ئۆتۆمبێلەكەی بكات، ئەمەش بۆ ئەوەی ناو رادێتەرەكە نەیبەستێت و نەبێتە هۆی تەقینی سلندەری ئۆتۆمبێلەكە.
راشیگەیاند، ئۆتۆمبێلە مۆدێل كۆنەكان پێویستە (ئەنتی – فریز) یان كەمتر تێبكرێت، لەبەر ئەوەی رەنگە: جاین، واتەرپەمپ، فلس و چەندین بەشی تریان كۆن بووبێت و ئەگەر رێژەیەكی زۆریان تێبكرێت ئەگەری هەیە رادێتەرەكەیان بتەقێت.
سەبارەت بە گەرمكردنی ئۆتۆمبێل پێش لێخوڕین، ئارام سالار بە كوردساتی راگەیاند، بەشێوازێكی زانستی پێویستە هەموو ئۆتۆمبێلێكی بەنزین لە وەرزی زستاندا پێنج خولەكی بدەیتێ بۆ گەرمبوون، بۆ ئۆتۆمبێلی گازیش حەوت بۆ 10 خولەك، چونكە دەبێت كات بدەیت بە ئۆتۆمبێلەكە هەتا رۆن بچێت بۆ بەشەكانی بزوێنەرەكە.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەتا هەڵمی سپی لە ساڵنسا نەیەتە دەرەوە، ئەو ئۆتۆمبێلە ئامادە نییە بۆ رۆیشتن.