x

X
07/01/2025
بۆ ئەوانەی فەیسبووک و ئینستاگرام بەكاردێنن ، گۆڕانكاری دەكرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا ڕایگەیاند کە پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمپانیاکە لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری نوێ خۆیانەوە دەبینن.

ئەمڕۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆی بڵاویکردووەتەوە، زوکەربێرگ بەڵێنیدا دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ کۆشکی سپی، سەرنج بخاتە سەر رەخساندنی ژینگەیەک بۆ ئازادی ڕادەربڕین لە ئینستاگرام و فەیسبووکدا.

ناوبراو روونیکردەوە کە گۆڕانکارییەکان لە ئەمریکاوە دەست پێدەکات، سانسۆرەکان لادەبرێن، لەبری ئەوە پشت بە "کاردانەوەکانی خەڵک" دەبەسترێت، هاوشێوەی پلاتفۆرمی "X" کە ئیلۆن ماسک خاوەندارییەتی دەکات.

ئێکس پشت بە بەکارهێنەران دەبەستێت بۆ پێدانی هۆشداری لە حاڵەتی بوونی هەر پۆست و تویتێکی مشتومڕاوییدا " بەگشتی دیمەنی نەخوازراو وەک تیرۆر و تۆقاندن".

زوکەربێرگ ڕایگەیاندووە کە پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام و ترێدز "بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی سانسۆر کەم دەکەنەوە" و رێگە بە ناوەڕۆکی سیاسی زیاتر دەدەن لە لاپەڕەکانیاندا.

هاوكات ئاماژەی بەوەشکردووە، "پشکنەرانی ناوەڕۆک لە مێتادا لە ڕووی سیاسییەوە لایەندارییان هەبووە و زیاتر متمانەیان لەدەستداوە تا ئەوەی دروستی بکەن".

ژمارەی بەکارهێنەرانی مێتا لە سەرانسەری جیهان زیاتر لە سێ ملیار بەکارهێنەرە، بەهای کۆمپانیاکە لە ئێستادا بە یەک تریلیۆن و ٥٦ ملیار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت.