x

X
09/01/2025
بۆچونێک دەربارەی کوردی سوریاو هەڵوێستی ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان 

ئیسرائیل دەمێکە هەوڵی داوەو دەدات کورد بەجۆرێک لەجۆرەکان وەک وەرەقەی گوشار لەسەر عەرەب بۆ بەرژەوەتدندییەکانی خۆی و ئەمنیەتی قەوارەکەی، بەکار بێنێ.ئەویش لەسەر بنەمای - عدو عدوک صديقك - دیارە ئەوەی کە گوایە پشتیوانی لە دەوڵەتی کوردی یان فدراڵیەت بکات ، دیسان لەبەرچاوی کاڵی کوردنەبوەو نیەو بۆ لاوازکردنی نەیارەکانی بووە.

مەعلومە کە سوریاو ئێراق لە ١٩٤٨ وە شان بەشانی میسر لەبەرەی مقاوەمەی دژە ئیسرائیلدا بوونە و ئیسرائیلیش بەنەخشەو پلانی ئەمریکاو ئەوروپای هاوپەیمانی وردە وردە میسری بەو دەردە گەیاندو ئاراستەکەی گۆڕی و ئێستا کەلەپچە کراوە..

ئێراق و سوریاش بەدوایدا هاتن، هەریەک بەجۆرێ لاوازو نینۆک کراون و لانیکەم لەئێستادا ئەو هەڕەشەیە نین بۆسەر ئیسرائیل ، دیارە ئەمنیەتی ئیسرائیل یش ستراتیجیەتی یەکەمی ئەمریکایە لەناوچەکەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .

ڕژێمە دکتاتۆرەکانی ئێراق و سوریا نەیانتوانی پاش سەربەخۆیی وڵاتەکانیان کێشەی ڕەوای کورد چارەبکەن و مافی گەلی کورد بدەن، کە بەوە ئارامی و ئۆقرەییان بۆ وڵاتەکانیان دابین دەکردو دەیانتوانی ئەو هەموو چەک و تەقەمەنی و تێچوونەی شەڕیان بۆ گەشەپێدانی وڵاتەکانیان بەکاربێنن و ناوخۆی خۆیانی پێ بەهێز بکەن .

بەڵام بەبێ ئەوەی تەماع بکەنە دەوروبەریان ،بەتایبەت لەسەردەمی حوکمڕانی بەعسیەکاندا ( سوریا بە داگیرکردنی لوبنان و ئێراقیش بەداگیرکردنی کوەیت ).

کەوابوو تاوەکو کورد لەم دوو وڵاتە ڕازی نەکرێن و نەبنە هاووڵاتی پلە یەک ،ئاستەمە ئەم دوو وڵاتەو هەروەها تورکیاو ئێرانیش ئارامی و ئۆقرەیی بەخۆیانەوە ببینن و دۆزی کورد هەمیشە وەک وەرەقەی گوشاری هێزە دەرەکیەکان و چەکوشێک بەسەر سەریانەوە دەمێنێ.

سوریەکان ئەمڕۆ هاوسەنگییان بۆ حوکمی وڵاتەکەیان گەڕاندۆتەوەو دکتاتۆرێکی خوێنڕێژیان وەدەرناوە ،کە عەرەب و کوردیش ٥٣ ساڵ قوربانی دەستی ڕژێمەکەی بوون، ٥٣ ساڵ کەمینەیەکی عەلەوی - نوسەیری هەڵگری ئایدۆلۆجیای بەعس! بەئاگرو ئاسن حوکمی زۆرینەکانی کردوە ، بەبێ ئەوەی unو زلهێزەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ورتەیەکیان لێوە بێ ، کەچی مانگێکە ڕژێمی بەشار ڕوخاوە،دونیا هاتۆتە سەرخەت .

ئەمەش ڕاستیەک دەسەلمێنێ کە هەمولا ڕژێمەکەی بەشاریان بەو هەموودڕندەییەوە کەهەیبوە بەتایبەت بەرامبەر کوردو عەرەبی سوننە ، لەدەمو چاوەتازەکان پێباشترە ، کەهێشتا دیار نیە چی دەکەن و چۆن حوکمڕانی وڵاتەکەیان دەکەن، بگرە لێدوانەکانیشیان دژایەتی هیچ كەسو لایەنێکی پێوە دیارنیە تەنانەت (ئیسرائیل) یش .

هیوادارم کورد لەڕۆژئاوا وەکو ئێرە پەرتەوازە نەبێ و (پەیەدەو ئەنەکەسەو ئەوانی تریش) کە چەندین گروپن لەخەمی داهاتوی خۆیان و خاکەکەیاندا بن ، نەک بەرژەوەندی تەسکی خۆیان و ڕازیکردنی ئەملاو ئەولا - هەر هێزو دەوڵەتێک بێت - هەروەها چاوەڕوان دەکرێ هەرێمی کوردستانیش ئەوەندەی پێی دەکرێ و ڕێگە پێدراوە ،پاڵپشتییان بکات ، نەک هەرلایەنێک لەپارتی و یەکێتی پشتی لایەکیان بگرێ دژی لاکەی تر .

کورد لێرە -وەک ئەمری واقیع- جۆرێک لەسەربەخۆیی هەبوو ، تەنها سکەی نەبوو ، لەدەستوریش دان بەقەوارەی هەرێمدا نراوە ، بەڵام ناکۆکیە حزبی و شەخسی و بنەماڵەییەکان ، ڕۆژبەڕۆژ لاوازی دەکات و بەغدا ئەمڕۆ خەریکە وەک کاکی (سێو لەباخەڵ) مامەڵە لەگەڵ دوو لایەنی سەرەکی حکومەتی هەرێمدا دەکات ..

جا دەبێ دڵنیا بین ئەگەر لەسوریاش كورد یەک دەنگ و هەڵوێست نەبن ، بەجۆرێک کە سبەینێ بتوانن لەدەستوردا مافەکانی خۆیان بچەسپێنن و نوێنەرەکانیان ببنە شەریکی فیعلی دەسەڵات ، ئەوە ڕەنگە حاڵیان لەبەردەم چەندین تەحەدیات و ئالنگاری ناوخۆیی و دەرەکیدا ، لەباشور باشتر نەبێ ،ئەگەر خراپتر نەبێ .