هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتیك پەیەدە دەڵێت، گۆڕانكارییەكانی سووریا كاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی درواسێ دادەنێت و لەوباوەڕەداین حكومەتی عێراقیش ناڕازییە لەم دۆخەی ئێستا، بۆیە عێراقیش لەژێر هەڕەشەی مەترسییەكی گەورەدایە.
غەریب حەسۆ بۆ ئاژانسی فورات دەڵێت "زیاتر لە ٢٠ ساڵە عێراق لە نێو ناكۆكی و دۆخێكی خراپدایە، لە ساڵی ٢٠١٤دا داعش هێرشێكی گەورەی ئەنجامدابوو ، ئەو هێزانەی لە شەنگال بوون پارێزگارییان لە شەنگال نەكرد و ئەو دۆخە بەسەر شەنگالدا هات، لەكاتی هێرشی داعشدا شەنگالیان بۆ ئەو چەتانە جێهێشت.
كۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژییەكی گەورە بووەوە، هێشتاش چارەنووسی چەندین ژن و گەنجی ئێزدی كە بە دیلی كەوتنە دەستی ئەو چەتانە نادیارە و بەشێكی زۆری ئەوانە لە ئیدلبن لەو هەرێمانەدان لەژێر دەسەڵاتی هەتەشەدان."
حەسۆ پەیوەست بە كەمتەرخەمی حكومەتی عێراق دەربارەی هەوڵنەدانیان بۆ دۆزینەوەی ئێزدییە دیلەكان ناڕەزایەتی خۆی نیشاندا و دەڵێت: "بەرپرسانی عێراقی دێنە دیمەشق سۆراغی هاوڵاتییەكانی خۆیان لە هەتەشە دەكەن، بەڵام بەهیچ جۆرێك پەرۆشی ئێزدییە دیلەكان نین و سۆراغیان ناكەن، بۆ مەگەر ئێزدی هاوڵاتی عێراقی نین؟ بەڕاستی ئەمە جێگەی داخە، چەندین ژنی ئێزدی بێسەروشوێنن و زۆرینەیان لە ئیدلب و دەرووبەریدان، حكومەتی عێراقی ئەركی خۆی ناگێڕێت لەو ڕووەوە.
وتویەتیشی :دەبێت حكومەتی عێراق بۆ دۆزینەوەی ئێزدییە دیلەكان كۆمیتەیەك درووستكات و لە ئیدلیب و ئەو هەرێمانەی پێشتر لەژێر كۆنترۆڵی هەتەشدا بوون سۆراغی ئەو دیل و بێسەروشوێنە ئیزدییانە بكات و بیاندۆزێتەوە. گەر عێراق كارێكی لەم شێوەیە بكات، ئەوا كارێكی درووستە، گەر نەیكات كەواتا ئەركی خۆی جێبەجێ ناكات، گەر شەنگال ئازاد نەبێت، ئەوا موسڵیش ئازاد نابێت.