لەئەنجامی نۆژەنكردنەوەی كەنیسەیەك لە ئەڵمانیا گەنجینەیەكی سەردەمی سەدان ساڵ لەمەوبەر دۆزرایەوە.
نۆژەنكارانی كەنیسەیەكی بەناوبانگی گۆتیك لە ئەڵمانیا بە ڕێكەوت گەنجینەیەكی بەنرخ دەدۆزنەوە كە (816) دراوی زێڕو زیوی تێدایە.
ئەو دراوانە نزیكەی (400) ساڵ لەمەوبەر لە ژێر دامێنی پەیكەرێكدا لەم كەنیسەیەكی لە شاری ئایسلێبنی ئەڵمانیا شاردرابوونەوە.
پێدەچێت گەنجینەكە لە سەردەمی جەنگی سی ساڵەدا ئەو كاتەی سەربازانی سویدی ناوچەكەیان تاڵان كردووە، شاردرابێتەوە.
ئەم كەنیسەیە ئەو شوێنەیە كە مارتن لوتێر، چاكسازیخوازی پرۆتستان كە بەیاننامەی (95) بڕگەیی خۆی دژی گەندەڵی لە كەنیسەی كاسۆلیكیدا نووسیوە، چوار وتاری خۆی لە ساڵی (1546) تێیدا پێشكەش كردووە.
نزیكەی سەد ساڵ دوای ئەوە لە دەوروبەری ساڵی (1640)، كەسێك كەنیسەكەی وەك شوێنێكی پارێزراو بۆ شاردنەوەی دارایی خۆی بەكارهێناوە.
ئەو كەسە چوار كیسەی پڕ لە دراوی لە كونێكدا لە دامێنی پەیكەرێكی بەردی شنی شاردۆتەوە. ئەو دراوە زێڕینە بەنرخانە بە كاغەز پێچراونەتەوەو بە شێوەیەك ئاماژەیان پێكراوە كە پارەكە هی خەزێنەی كەنیسەكەیە.
ئەم گەنجینەیە لە جەنگی سی ساڵەدا (1618 تا 1648) شاراوەتەوە، ئەم شەڕە ئاماژەیە بۆ زنجیرەیەك ململانێ كە بە سەپاندنی ئایین لەلایەن ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیرۆزەوە دەستی پێكردو دواتر پەرەی سەند بۆ ململانێی سیاسی و خاك و بازرگانی لە ناوچەكانی دراوسێی ئەوروپادا.
لەم شەڕەدا سەربازانی سوید چەندین جار شاری ئایسلێبنی ئەڵمانیایان تاڵان كرد. دانیشتووانی شارەكە ناچار دەكران سەربازانی سویدی لە ماڵەكانیاندا جێگیر بكەن و كرێی زۆریان پێ بدەن.
توێژەران دەڵێن، پلانیان هەیە دانە بە دانە لێكۆڵینەوە لە هەر دراوێك بكەن و دۆزینەوەكانیان بە شێوەی ئۆنڵاین و لە مۆزەخانەی هونەری مۆریسبێرگ لە شاری هالە لە ویلایەتی ساكسۆنی – ئانهاڵت نمایش بكەن.