x

X
10/01/2025
لێدانی دڵم چەندە ؟

 

 

كاتێك پێوانەی لێدانی دڵمان دەكەین لە بازنەی دەستمان هەست بە لێدانی خوێنبەرەكە دەكەین، پێویست نییە لە باری ئاساییدا ڕێژەی لێدانی دڵمان بپێوین، چونكە ئەگەر ناڕێكییەكی گرنگ هەبێت هەستی پێدەكەین.

لەباری ئاساییدا و كاتی حەسانەوە لەمرۆڤی باڵق دا لێدانی دڵ جیاوازە وەكو یەك نییە، بە گشتی لەنێوان (60 بۆ 100) لە خولەكێكدا ئاساییە نۆرماڵە، هەندێك جار ئەگەر كەمتریش بێت واتە لە پەنجایش هەر ئاساییە، بە تایبەتی كاتی حەسانەوەی تەواو، زۆر هۆكار هەن بۆ زێدەبوون و كەم بوونی لێدانی دڵ، لێرە باسی هۆكارەكانی گۆڕانی ڕێژەی لێدانی دڵ دەكەین، زێدە لێدان.

واتە كە سەرووی (100) بێت لە یەك خولەك.

دڵە ڕاوكێ، قەلەقی، تا، توڕەبوون و ترس و شەرم، دەرمانەكانی ڕەبۆ، ماندو بوونی جەستەیی، پڕكاری و ژاراوی بوونی غودەی دەرەقی، تێكچونی ریتم و كارەبای دڵ، نەخۆشییە جیاجیاكانی دڵ، ژاراوی بوون، دوو گیانی، هەندێك دەرمانی بەرزە فشاری خوێن، قەڵەوی و كێشی زیادە، نەخۆشی گلاندی سەر گورچیلە، تێكچونی ڕێژەی پۆتاسیۆم و كالسیۆم لەناو خوێن، جار هەیە هۆكارەكەی زۆر دیار نییە بەتایبەتی ئەگەر سینگ ئێشەو هەناسەتەنگی لەگەڵ نەبێت زێدەیش لێبدات كێشە نییە.

هۆكاری كەم لێدانی دڵ چیە ؟

ئەگەر لێدانی دڵ لە 50 كەمتر بوو لە خولەكێكدا.

خەوتن، تەمبەڵی غودەی دەرەقی، نەخۆشی كارەبای دڵ، ژاراوی بوون، هەندێك دەرمان وەكو تینۆرمین، ئیندێرال و كۆنكۆر، وەرزشوانی، كەمی ڕێژەی كالسیۆم، دیارە نەك تەنیا بە هەست كردن بە بازندەی دەست لێدانی دڵ دەپێورێت، بەڵكو بە پەڵس ئۆكسیمیتەر یش (ئۆكسجین پێو)، وە هەروەها بە زەخت پێو یش (ئامێری پێوانی فشاری خوێنی ئەلیكترۆنی).

لە كۆتاییدا دەڵێم تكایە ترپەی دڵتان زوو زوو مەپێون!

(د. یوسف خەتی – پسپۆری كوێرە ڕژێنەكان)