ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی بە پشووی زستانەی خۆی هێنا، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆببێتەوەو خوێندنەوە بۆ كۆمەڵە پڕۆژە یاسایەك بكات.
ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویكردۆتەوە، دوای زیاتر لە مانگێك لە پشووی زستانەی پەرلەمان كۆتایی بە پشووەكان هات و سەرەتای هەفتەی داهاتووش پەرلەمان دەست دەكات بە كۆبوونەوەكانی.
ئاماژە بەوەشكراوە، یەكشەمەی داهاتوو لە دانیشتنی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای ڕێكخستنەوەی خزمەتگوارییەكان لە فەرمانگەكان و موڵك و كەرەستەكانی دەوڵەت دەكرێت، هەروەها دەنگدان بۆ پێشنیاری هەمواری یەكەمی یاسای بەڵگەنامەی گەشتكردن دەكرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیاری هەموواركردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەنگدان بۆ پێشنیاری هەمواری یاسای ڕێكخستنی بڕوانامەی زانستی عەرەبی و بیانی دەكرێت.
بڕیارە كۆبوونەوەكەی یەكشەمەی پەرلەمانی عێراق كاتژمێر (1) ی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.