x

X
10/01/2025
یەكگرتوو بەشداری كۆبوونەوەكەی سبەینێی حكومەتی كاربەڕێكەر ناكات

 

 

(د. موسەننا ئەمین) پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەت بەكوردیوی ڕاگەیاند، سبەینێ‌ بەشداری كۆبوونەوەكەی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم ناكەین.

(د. موسەننا ئەمین) بۆ كوردیو وتی : بێزاربووین لەم كۆبوونەوانەو ناچینە كۆبوونەوەیەكەوە كە ئەجێنداكەی دیارنەبێت و دەشڵێت، حكومەتی هەرێم ڕاستیەكان بە ئێمە ناڵێت، قەیران لەدوای قەیران دەیخوڵقێنێت كێشە لەدوای كێشەو هاوڵاتیانی هەرێم برسی دەكات، داهاتەكان ئاشكرا ناكات ناتوانێت ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتی درێژخایەن لەگەڵ حكومەتی عێراق ببەستێت.

ناوبراو وتیشی : نزیكی ساڵێك تێپەڕی نەیتوانی لیستی مووچە لەگەڵ حكومەتی بەغدا ڕێكبكاتەوەو كێشەو قەیرانەكان بەردەوام زیاد دەكات كەم ناكات.

ناوبراو ئاشكراشیكرد : تا ئێستا مووچەی مانگی دوازدەی فەرمانبەرانی نەداوەو ئەو داتایانەش كە دەیخاتەڕوو جێگەی متمانەنین بۆ ئێمە، بۆیە ئێمە هیچ بە پێویستی نازانین حكومەت قەیرانێكی هەبوو هەڵوێستێك دەربڕێ ئێمە لەگەڵ خۆی ڕیزبكات ئێمە لەگەڵ حكومەت ڕیز نابین ئێمە ئۆپۆزسیۆنین.

دەشڵێت : ئەگەر حكومەت بەسیفەتی ئەوەی پەرلەمانتاری كوردین لەبەغدا هەڵوێستێكیان هەیە دەیانەوێە كێشەیەك چارەسەر بكەن، دەتوانن بەڕاپۆرتێك زانیاریەكانمان بۆ بنێرن، ئەگەر بەتەمای هەڵوێستێكیشن بیگرن لەحكومەتی عێراق، ئێمە ئامادەنین لەگەڵ دەسەڵات هەڵوێست وەرگرین.

پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو لەبەغدا دەشڵێت، هەر هەڵوێستێكیش وەرگرن ئێمە دواتر هەڵیدەسەنگێنین، ئەگەر پێمان باش بوو پشتیوانی لێدەكەین ئەگەر بەڕاستمان زانی و بەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانمان زانی، ئەگەر بەباشیشمان نەزانی ڕای خۆمان ڕوون و ئاشكرا دەڵێین.

زیاتر وتی : ئەو دانیشتنە پەیامێكی تێدایە بۆ ڕای گشتی ناوخۆ بۆ ڕای گشتی عێراقی، وێنەی ئێمە لەگەڵ وێنەی ئەم دەسەڵاتە تێكەڵ دەكات كە هیچ وەختێك ئامادەنەبووە كەمترین پێشنیار لەئێمە وەربگرێت و هیچ كاتێك ئامادەنەبوو دوو هەنگاو لە چاكسازی بچێتە پێشەوە، بۆیە ئێمە بەپێویستی نازانین بچینە ئەم دانیشتنەوەو پێویستمان بەم كۆبوونەوەیە نیە.

ئەوەشی وت : كە لەلایەك باسی ئەوە دەكرێت كە دەیانەوێت هەڵوێست وەربگرن لەبەرامبەر بەغدا لەپرۆسەی سیاسی لەلایەك باسی ئەوە دەكرێت كە باسی مووچە دەكات، ئێمە ناچینە كۆبوونەوەیەكەوە كە ئەجێنداكەی ڕوون نەبێت.