x

X
11/01/2025
ڤایرۆسی مێتای سییەكان لە مرۆڤ چیە ؟؟

 

 

ئەم جۆرە ڤایرۆسە بە شێوەیەكی گشتی كە ئێستا لە ووڵاتی چین و هیندستان بڵاوبۆتەوە، ئەم ڤایرۆسە یەكەم جار لە ساڵی (2001) دۆزرایەوە كە مەزەندە دەكرێت كە چەندین ساڵ پێش ئەو كاتەش هەبووبێ، بەزۆری تووشی ڕێڕەوی سەرەوەی هەناسە دەبێت چەند نیشانەیەكی وێكچووی هەڵامەت (پەسیوو) دروست دەكات وەكــــــــو هاتنە خوارەوەی لووت و كۆخەو سیخە سیخ لە سنگ و گەروو ئێشە.

زۆربەی حاڵەتەكان خەفیفە بەزۆری تووشی منداڵان لە خوار تەمەنی (5) ساڵان دەبێ و هەروەها تووشی بەساڵاچووان لە سەرەوەی تەمەنی (65) ساڵان و ئەوانەی بەرگری لەشیان لاوازە دەبێ.

هەندێك جار تووشی رێڕەوی خوارەوەی هەناسە دەبێ، دەبێتە هۆی هەوكردنی سییەكان و زیادبوون و ناجێگیری دۆخی هەناسە لەوانەی ڕەبۆیان هەیەو یان هەستیاریان هەیە وەیان نەخۆشی تەسك بوونەوەی بۆری هەناسەی درێژخایەنیان هەیە.

ئایا جیاوازی هەیە لەگەڵ كۆرۆنا ؟

ڤایرۆسی مێتا ڤایرۆسێكی جیاوازە لەگەڵ كۆرۆنا، بەڵام لە ڕووی گواستنەوەی و نیشانەكان لێكچوونی زۆری هەیە لەگەڵ كۆرۆنا.

ڤایرۆسی مێتا hMPV بەزۆری لە كۆتایی زستان و سەرەتای بەهار سەر هەڵدەدات.

چۆن دەگوازرێتەوە ؟

ڤایرۆسی سی مێتا كە تووشی مرۆڤ دەبێت دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ كەسی نەخۆش یان بەهۆی دەست لێدان لەو كەلوپەلانەی كە بە ڤایرۆسەكە پیس بووە لەڕێگەی كۆخەو پژمین دۆقەكردن و ماچ كردن دەست لێدان لە مۆبایلی كەسی تووش بوو و كەلوپەلی تر وەك كلیل ... هتد، بەڵام خۆش بەختانە لە ڕێگەی هەواوە ناگوازرێتەوە.

ماك و لێكەوتە خراپەكانی چیە ؟

هەندێك جار لە وانەی كە تەمەنیان لەخوار تەمەنی پێنج ساڵە یان لە پیران و ئەوانەی بەرگری لەشیان لاوازە تووشی حاڵەتی نەخوازراو دەبن كە لە وانەیە پێویستی بە داخل بوون لە نەخۆشخانە بێ وەكــــــــو :

1. هەوكردنی سییەكان و بۆری هەوا.

2. نەوبەی ڕەبۆو ناجێگیری لەوانەی تووشی تەسك بوونەوەی بۆری هەناسەی درێژخایەنیان هەیە.

3. لەكاركەوتنی هەناسە.

4. هەوكردنی گوێی ناوەڕاست.

خۆ پارێزی و چارەسەری ...

هیچ چارەسەرێكی تایبەت نییە بەم ڤایرۆسە، بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا نەخۆش پێویستی بە موغەزی، دەرمانی تا و شلەمەنی و هەنێ جار ئۆكسجین دەبێ، لەبەرئەوەی هیچ چارەسەرێكی تایبەت نییە بەم ڤایرۆسە بۆیە خۆپاراستن باشترە وەكو.

1. بەستنی ماسك بۆ كەسی تووش بوو.

2. بەكارنەهێنانی كەلوپەلی تایبەتی نەخۆش وەك ملاك و چەنگال و وقاپ و خاولی، مۆبایل ... هتد.

3. دەست شوشتن پێش و دوای خواردن.

(د. هیوا خالید گەردی – پسپۆڕی نەخۆشیەكانی هەناو و دڵ)