شارەزایەكی بواری كەشناسی لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ شەممە شەپۆلی بارانبارین تەواوی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەگرێتەوەو پلەكانی گەرماش نزم دەبێتەوە.
ئاراس جبار شارەزای بواری كەشناسی بڵاویكردەوە: ئەمڕۆ شەممە 11/1/2025 لە ئەنجامی درێژبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور بۆ سەر ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان لە كاتەكانی نیوەرۆوە ئاسمان بەزۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو و نمە باران لە كات و شوێنی جیاجیادا دەستپێدەكات لە كاتەكانی ئێوارە و شەودا ئاستی بارانبارین زیاددەكات بۆ بارانێكی مامناوەند و پچر پچر و زۆرترین كاریگەری لەسەر ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین ئەبێت بەتایبەت ناوچە شاخاویەكان و وە بارینی بەفریش لەناوچە شاخاویە بەرزەكاندا لەبەرزی 1300 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا ، لە ناوچەكانی پارێزگای دھۆك و كەركوك و باكوری گەرمیان و ناوچە شاخاویەكانی پارێزگای ھەولێریش ئەگەری بارانی باش و مامناوەند ئەبێت ، لەناوچەكانی سنوری ناوەراست و باشوری گەرمیان و دەشتی ھەولێر و سەنتەری پارێزگای ھەولێر بەگشتی كاریگەری لاواز ئەبێت لەھەندێ شوێن ئەگەری بارانێكی مامناوەند ئەبێت و لە زۆربەی شوێنەكان لەم ناوچانەدا نمە بارانێكی كەم ئەبارێت .
ووتیشی: پلەكانی گەرما سبەی 3 تا 4 پلە بەڕاورد بە ئەمڕۆ نزمبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت ، خێرای با لەسەرخۆ ئەبێت 5-15كم/ك ئاراستەی با باشوری رۆژھەڵات ، كاریگەری شەپۆلەكە لە ناوچەكانی پارێزگای دھۆك و ھەولێر و كەركوك و گەرمیان كاتەكانی بەیانی رۆژی یەكشەم 12/1/2025 كۆتای پێدێت بەڵام لەناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و بەگشتی ناوچە شاخاویە سنوریەكانی رۆژھەڵاتی ھەرێم تا كاتی ئێوارەی یەكشەم بەردەوامی ئەبێت و پاشان لەو ناوچانەشدا كۆتای پێدێت و كەش سەقامگیر ئەبێتەوە لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمی لە رۆژی یەكشەمەدا بەڕاود بە ئەمڕۆ.