دەسەڵاتدارانی میسر پەردەیان لەسەر زنجیرەیەك دۆزینەوەی شوێنەواری لە نزیك شاری دێرینی لوكسۆر لادا كە دەڵێن مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕی بەرپرسانی پلە باڵاو كارە هونەرییە ئاڵۆزەكانی سەردەمی شاژنە فیرعەون حەتشەپسوت.
ئەم شوێنەوارانە دوای سێ ساڵ لە هەڵكۆڵین لە شوێنی كۆنی دێر ئەلبەحری لە گۆڕستانی تەیبە لە كەناری ڕۆژئاوای ڕووباری نیل، نزیك كۆریدۆرەكانی (پەرستگای ماڵئاوایی) فیرعەون حەتشەپسوت دۆزراونەتەوە.
(زاهی حەواس) ی شوێنەوارناسی میسری و سەرۆكی تیمەكە، دۆزینەوەی زیاتر لە (1000) بلۆكی دیكۆركراوی لە دەرەوەی پەرستگای حەتشەپسوت ڕاگەیاند. حەواس پێشتر وەزیری كەلەپوورە كۆنەكانی میسر بووەو لە ساڵی (2022) ەوە سەركردایەتی هەڵكەندنەكان دەكات لە شوێنەكەدا.
فیرعەون حەتشەپسوت خێزانی دەسەڵاتداری هەژدەهەم نزیكەی ساڵی (1458) ی پێش میلاد كۆچی دوایی كردووە، یەكێك بووە لەو ژنە كەمانەی كە فەرمانڕەوایی میسری كۆنیان كردووە. چەند سەدەیەك دواتر پەرستگاكەی بە مەبەست لەناوبراوە.
حەواس وتی : ئەمە یەكەمین جارە (1500) بلۆكی دیكۆركراو دەدۆزینەوە، جوانترین دیمەنن لە ژیانمدا بینیبێتم بەو ڕەنگەوە.
تابلۆیەكی بەردی قسڵ لە شوێنەكەدا دۆزراوەتەوە كە ناوی ئەندازیارەكەی حەتشەپسوتی لەسەر نوسراوە، سێنموت، كە سەرپەرشتی دروستكردنی پەرستگاكەی كردووە.
شاژنە تیتی شێری، كە گۆڕەكەی لەو نزیكانە دۆزراوەتەوە، نەنكی ئاهمۆسی یەكەم بووە، كە میسری لە دەست هیكسۆسەكان ڕزگاركردووە، هیكسۆسەكان لە سینای و ڕۆژهەڵاتەوە میسرییان داگیردكردبوو. لە نۆیەم ساڵی فەرمانڕەوایی ئاهمۆسیدا كۆچی دوایی كرد، سەدەیەك دوای فەرمانڕەوایی حەتشەپسوت.
شوێنەوارناسان هەروەها تابوتە دارەكانی هاوشێوەی مرۆڤیان لەناو شەفتەكانی ناشتندا دۆزیوەتەوە كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (1580 – 1550) پێش میلاد، یەكێك لەو تابوتانە هی منداڵێكە كە لەوەتەی ناشتنی لە (3600) ساڵ لەمەوبەرەوە دەستی لێنەدراوە.