سێ حزبی پاشخان ئیسلامی لە توركیا هاوپەیمانێتییەكی نوێیان ڕاگەیاند و لەژێر ناوی حزبێكی نوێدا درێژە بە كاركردن دەدەن.
بەپێی میدیاكانی توركیا، هەریەك لە حزبەكانی (ئایندە) و (دیموكراتی و پێشكەوتن) و (سەعادەت) دوای زنجیرە كۆبوونەوە و دانیشتنێك ڕێككەوتوون لەسەر دروستكردنی حزبێكی نوێ كە بە (حزبی چەتر) ناوی دەبرێت و جۆرێكە لە هاوپەیمانی كە تیایدا فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانیان یەك دەگرن.
بەپێی ڕێككەوتنەكە ئەو حزبە نوێیە ناوی (حزبی ڕێگای نوێ) دەبێت، هەر سێ حزبەكە دامەزراوە و پێكهاتەی خۆیان وەك خۆی دەمێننەوە بەڵام پەرلەمانتارەكانیان لەژێر چەتری فراكسیۆنێكدا یەك دەگرن و خۆیان وەك ئەندامی حزبە نوێیەكە تۆمار دەكەن كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 30 كورسی.
ئەو حزبانە لەلایەن (ئەحمەد داود ئۆغلوو) و (عەلی باباجان) و (مەحموود ئەریكان)ـەوە سەرۆكایەتی دەكرێن كە هەرسێكیان باكگراوندی ئیسلامیان هەیە و دووانیان پێشتر لە حزبەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا بەرپرسیارێتیی دیاریان هەبووە.