جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە بارودۆخێکی خراپدایە، دوای ئەوەی واشنتن و لەندەن سزای نوێیان بەسەر کەرتی وزەی ڕووسیادا سەپاند.
لەمبارەیەوە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "پوتین، ئێستە لە دۆخێکی سەختدایە، دوای سەپاندنی ئەو سزایەی بەسەر نزیکەی 180کەسایەتی و کۆمپانیای نەوتی ڕووسیدا درا، بەمەش ئابووریەکەی لاواز بووە و ناتوانێت چیتر خواستە شەڕەنگێزییەکانی درێژە پێ بدات."
ناوبراو وتیشی: "ئێستا هەلێکی باشە بۆ ئۆکرانیا تاکوو ئەم جەنگە بباتەوە."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "بە مەبەستی کەمکردنەوەی داهاتی ڕووسیا لە کەرتی وزەدا، هەریەکە لە کۆمپانیای گازپرۆم و سورگوتنەفت گاز و 180 کەشتی و دەیان بازرگان و کۆمپانیا دەخرێنە لیستی سزاکانەوە."
ئاشکراشی کردوە: "بڕیارە بەریتانیاش لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو دوو کۆمپانیا زەبەلاحە ڕووسییەی بواری نەوت گاز، بەشدار بێت."
جێی باسە لە 27ـی شوباتی 2025ـەوە، دابینکردنی خزمەتگوزاری لە بواری نەوتدا لە خاکی ڕووسیا قەدەغە دەکرێت ، لە بەرامبەردا کۆمپانیای گازپرۆم ڕایگەیاند "سزاکانی ئەمەریکا و بەریتانیا نایاسایین."