x

X
11/01/2025
"تەنیا شەش فڕۆكە و ١٢ هێلیكۆپتەر هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرە گەورەكەی لۆس ئانجلس دەدەن"

لە كاتێكدا شاری لۆس ئانجلسی ویلایەتی ئەمریكا ڕووبەڕووی توندترین ئاگر بووەتەوە، تەنیا شەش فڕۆكە و ١٢ هێلیكۆپتەر هەوڵی كوژاندنەوەی ئەو ئاگرە گەورەیە دەدەن.

بەشی كوژاندنەوەی ئاگر لە لۆس ئانجلس، سەبارەت بە كارەكانی كوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لۆس ئانجلسی گرتووەتەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ ڕایگەیاند: بەو هاوكارییانەی لە دەرەوەی ویلایەتەكەوە هاتوون و بە هاوكاری فیدراڵیشەوە تەنیا شەش فڕۆكە و ١٢ هێلیكۆپتەر بەردەوامن لە كوژاندنەوەی ئاگرەكە.

باس لەوەیش كرا كە یەكێك لەو فڕۆكانەی بەشدارە لە هەڵمەتی كوژاندنەوەی ئاگرەكەدا فڕۆكەیەكی مەدەنیە كە لە كەنەداوە ڕەوانە كراوە.

ڕاگەیاندنی ئەمریكا ئاگرەكە بە توندترین و سووتێنەرترین ئاگر دادەنێن لە مێژووی شاری لۆس ئانجلسدا.

بەرپرسانی لۆس ئانجلس باس لەوە دەكەن كە ئەو ئاگری دارستانە كە لە یەكێك لە ناوچە لوكسەكانی شارەكە كەوتووەتەوە، لە ئێستادا لە شەش ناوچەدا بەردەوامە و، هەتا ئێستا پێنج كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و، نزیكەی دوو هەزار خانوو سووتاون و بەكەڵكی ژیان كردن نەماون.