سەرچاوەیەكی بەرپرسی تەناهی لە پارێزگای بەغدا ئەمڕۆ رای گەیاند، هێزێكی تایبەتی تەناهی لە بۆسەیەكدا، باندێكیان گرتووە كە فەرمانبەرێكی عێراقییان لە ناوەندی بەغدای پایتەخت رفاندبوو. باندەكە دوو كەسن و سوورین.
ئەمڕۆ شەموو 25ی كانوونی دووەم _ی 2025 پێگەی “شەفەق نیوز” بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە بەرپرسە تەناهییەكە، ئەو باندە كە دوو كەس بوون و سووریایین، لە رۆژهەڵاتی شارەكەدا فەرمانبەرێكی عێراقییان رفاندبوو، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، هێزێكی تایبەت لە بۆسەیەكدا هەردوو كەسە سوورییەكەیان گرتووە و فەرمانبەرەكەشیان رزگار كردووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو فەرمانبەرەی رفێنرابوو، كارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی بەغدا و سەربە وەزارەتی ناوخۆیە. باسی لەوە نەكرد كە كەی و لە كوێ رفێنراوە. بەڵام دووپاتی كردەوە كە ئێستە رفێنراوەكە رزگار كراوە و دۆخی باشە.
باسی لەوەش كرد، هێزەكە لە دوای گرتنی باندەكە، دواتر فەرمانبەرەكەیان لە گەڕەكی “حەی ئوور” لە رۆژهەڵاتی بەغدا رزگار كردووە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئێستەیش لێكۆڵینەوەی ورد لەگەڵ هەردوو تاوانبار دەكرێت و بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.