هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رۆژاڤا رایگەیاند، ئەو هەوڵانەی بۆ یەکڕیزیی کورد دراون، بەمزووانە بەرهەمیان دەبینرێت.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رۆژاڤا :سوریایەکی بەهێزیان دەوێت بە سوپایەکی یەکگرتوو و سیاسەت و دیپلۆماسییەتێکی کاریگەرەوە، هەروەها سیستمی بەڕێوەبردنەکەی لامەرکەزی بێت، بەڵام سووربوون لەسەر بەناوەندیکردن مانای دروستکردنەوەی دیکاتۆرێکی نوێیە و رەتیدەکەنەوە.
ئیلهام ئەحمەد لە گفتوگۆیەکی کراوەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، وتوویەتی: تائێستا سیمای سوریای نوێ روون نییە، باردۆخی مەیدانییش گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەردا نەهاتووە، وڵاتانی نێودەوڵەتییش سوریاییەکی فرەیی و هەمەچەشنیان دەوێت لەگەڵ گرنگیدان بە ژنان.
ئاماژەی بەوەش كردووە : سەرزەنشتی ئیدارەی نوێی سوریا ناکەن، چونکە لە قۆناغی سەرەتاییدایە و پێویستی بە پشتیوانیکردنە، بەڵام سوریا پێویستی بە داڕشتنی دەستوورێکی نوێ و هەڵبژاردنی دیموکراتییە بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکان، بەجۆرێک نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتی بکات.
ئیلهام ئەحمەد هۆشدارییش دەدا لە هەڵگیرسانی فیتنە لەنێوان کورد و عەرەب، کە هەندێک لایەنی هەرێمی کاری لەسەر دەکەن تا دۆخێکی ناسەقامگیر لە سوریا دروست ببێت و شەڕ سەرهەڵبداتەوە.