ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، هیچ کەسێک ناتوانێت خەڵکی غەززە لە خاکی خۆیان دەربکات و پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی فەڵەستینییەکان و ئەمەریکا کۆنترۆڵکردنی ئەو کەرتە ڕەتدەکەینەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کەس ناتوانێت خەڵکی غەززە لە زێدی خۆیان دەربکات کە هەزاران ساڵە لێی دەژین ، غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات هی فەڵەستینییەکانن.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی : بۆ ئێمە پێویست ناکات تاوتوێی پلانی ترەمپ بۆ غەززە بکەین یان بە ڕژدی وەربگرین.
ئەردۆغان ئەوەشی وت: ئەم پلانە بە تەواوی بێمانایە. کەس دەسەڵاتی ئەوەی نییە خەڵکی غەززە لە زێدی خۆیان دەربکات، خەڵکی غەززە بەردەوام دەبن لە مانەوە و تێیدا دەژین و خاکی خۆیان دەپارێزن.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پابەندە بە کڕین و خاوەندارێتی غەززە و ڕەنگە بەشێکی بداتە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی ئاوەدانی بکەنەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 21 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی لە زیندانەكانی حەماس و 783 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتەکە.