هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، عەبدوڵا ئۆجەلان ئامادەکاریی بۆ پەیامە مێژووییەکەی دەکات و لە 15ـی شوباتدا بە رای گشتی دەگەیەنێت.
تولای حاتیمئۆغولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، کورد پێداگرە لە هاتنەئارای ئاشتی، پێویستە لایەنی بەرامبەریش، کە دەوڵەتە جدیی بێت لە ئاشتەوایی لەگەڵمان تاوەکو دەرفەتەکە لەدەستنەدرێت.
ماوەی دوو مانگ زیاترە پرسی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەریهەڵداوەتەوە دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستپێشخەرییەکی راگەیاند بۆ بینینی عەبدوڵا ئۆجەلان و لەماوەی دوو مانگدا شاندی دەم پارتی دوو جار لەگەڵ عەبدولا ئۆجەلان لە دورگەی ئیمڕاڵی کۆبوونەتەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ گەیاندنی پەیامی ئۆجەلان لەگەڵ زۆربەی لایەن و پارتەکانی تورکیا کۆبوونەتەوە و دوێنێ یەکشەممە، عومەر ئاجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاند، پەیامەکەی ئۆجەلان نەک تەنها کاریگەری لەسەر تورکیا، بەڵکو لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دادەنێت.