سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق رۆژی دووشەممە لەناكاو باری تەندروستی تێكدەچێت و بەهۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت و نەشتەرگەری قەستەرەی دڵی بۆ ئەنجام دەدرێت.
یەكێتی تۆپی پێی عێراق بڵاوی كردەوە: لە نەخۆشخانەی (ئیبن بەیتار) تایبەت بە نەخۆشییەكانی دڵ لە شاری بەغدا نەشتەرگەری قەستەرەی دڵ بۆ عەدنان درجال سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق كراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە : دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە، عەدنان درجال نێردراوەتە ماڵەوە و ئێستا بارودۆخی تەندروستی باشە.
هاوكات یەكێتی تۆپی پێی عێراق جەختیشی كردەوە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا درجال دەگەڕێتەوە سەر كارەكانی.
عەدنان درجال ئێستا تەمەنی 65 ساڵە و یەكێكە لە ئەستێرەكانی پێشووی تۆپی پێی عێراق، پێشتر وەزیری وەرزش و لاوان بووە و لە ساڵی 2021 بە هەڵبژاردن بووەتە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق.