بەهۆی گۆڕینی ناوی كەنداوی مەكسیك بۆ كەنداوی ئەمریكا، سەرۆكی مەكسیك هەڕەشە لە كۆمپانیای گوگڵ دەكات و دەڵێت، ئەگەر پێداگربن لەسەر ئەو ناوە، سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین.
(كلاودیا شینباوم) سەرۆكی مەكسیك رایگەیاندووە، ئەگەر كۆمپانیای گوگڵ سووربێت لەسەر ئەوەی ناوی كەنداوی مەكسیك بە كەنداوی ئەمریكا ناو ببات، ئەوا سكاڵای یاسایی لەسەر كۆمپانیاكە تۆمار دەكەن.
ئەوەشی خستەڕوو، مەكسیك هێشتا دەسەڵاتی بەسەر بەشێكی گەورەی ئەو بەنداوەدا هەیەو دەشڵێت، ئێمە سەروەریمان بەسەر كەناراوەكانی خۆماندا هەیە.
شینباوم راشیگەیاندووە، حكومەتی وڵاتەكەی نامەیەكیان بۆ كۆمپانیای گوگڵ ناردووەو ئاگاداریان كردوونەتەوە كە ناتوانن تەواوی كەنداوی مەكسیك بە كەنداوی ئەمریكا ناو ببەن.
دوای ئەوەی 24 ی مانگی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی ئەمریكا بە رەسمی ناوی كەنداوی مەكسیكی بۆ كەنداوی ئەمریكا گۆڕی، رۆژی 9 ی ئەم مانگە (دۆناڵد تڕامپ) سەرۆكی ئەمریكا لەناو فڕۆكەكەیەوە كە بەسەر كەنداوەكەدا دەفڕی، ئیمزای لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكە كرد، هەر لە هەمان رۆژدا، (9) ی شوباتی بە رۆژی كەنداوی ئەمریكا ناساند، دوێنێش لەسەر هەریەك لە گوگڵ ماپ و گوگڵ ئێرز ناوەكەی گۆڕدرا.