بزووتنەوەی حەماس ئاشكرای كرد سبەینێ شەممە سێ بارمتەی دیكەی ئیسرائیلی ئازاد دەكەن.
(ئەبو عوبەیدە) وتەبێژی كەتیبەكانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، سبەینێ شەممە حەماس سێ بارمتەی دیكەی ئیسرائیلی ئازاد دەكات.
ناوبراو وتیشی، ئەو سێ بارمتەیە ناوەكانیان بریتین لە (ساشا ئەلێكساندەر ترۆبانۆڤ و ساگی دیكل حەن و ویائیر هۆرن).
ئەمەو ئازادكردنی ئەو سێ بارمتە ئیسرائیلییە شەشەم قۆناغی ئاڵوگۆڕی دیلەكانە كە حەماس ئازادیان دەكات.
لەلایەن خۆشیەوە نووسینگەی (بنیامین نەتنیاهۆ) ی سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیلی رایگەیاند، ناوی بارمتەكان گەیشتۆتە لای ئەوان و پێی رازین.
لەلایەن خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ناوی ئەو گیراوە فەڵەستینیانەیان رادەست كردووە كە بڕیارە سبەینێ ئازادیان بكەن.