بڕیارە ئەمرۆ شۆرشگێرەكانی غەززە سێ دیلی ئیسرائیلی ئازاد بکەن لە بەرامبەردا ئیسرائیل ٣٦٩ زیندانی فەڵەستینی كە ژمارەیەكیان زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنرابوو ئازاد دەکات.
بڕیارە ئەمرۆ ئیسرائیل ٣٦ سزادراوی هەتاهەتایی و ٣٣٣ زیندانیكراوی دیكە ئازاد بکات كە لە دوای حەوتی ئۆكتۆبەرەوە دەستگیر كرابوون.
ئەوەش دوای ئەوەی كە بزووتنەوەی حەماس ناوی سێ دیلەی ئیسرائیلی بڵاوكردەوە كە ئەمرۆ لە چوارچێوەی قۆناغی یەكەمی رێككەوتننامەی ئاگربەستدا ئازادی دەكات کە هەریەك لە (ساجی دیكڵ چین و یایر هورن) ئەمرۆ رادەست دەكرێنەوە و بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیش ئاشكرای كرد دیلێكی ئیسرائیلی كە هەڵگری رەگەزنامەی روسیە بەناوی (ئەلیكساندەر توربانۆڤ) رادەست دەكەنەوە.
هاوکات، ئاژانسەکانی هەواڵ لە زاری بەرپرسێكی بالای ئیسرئیلەوە بڵاوی كردووەتەوە ئەگەر ئەمرۆ حەماس ئەو سێ دیلەی كە بەڵێنی داوە بەپێی رێككەوتنەكە رادەستی بكاتەوە، ئەوا ئیسرائیل ناگەڕێتەوە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ و درێژەیش بە ئاگربەستەكە دەدات.
جێی باسە ئەوەش لەکاتێکدایە، تاكو ئێستا ١٦ بارمتەی ئیسرائیلی و سەدان فەڵەستینی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستی غەزە ئازاد كراون.