ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن ڕایگەیاند، وڵاتانی عەرەبی کار لەسەر ئامادەکردنی پلانێک دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بەبێ ئاوارەکردنی دانیشتووانی کەرتی غەززە ،دەشڵێت شانشینی ئوردن ناتوانێت فەڵەستینی زیاتر وەربگرێت.
وڵاتانی عەرەبی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکایان بۆ گواستنەوەی غەززە لە فەڵەستینییەکان و گواستنەوەی زۆربەی دانیشتووانەکەی بۆ ئوردن و میسر، ڕەت کردەوە.
سەفادی، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گوتی: بۆ ئەوەی وەڵامێکی ڕوونتان بدەمەوە، لەسەدا 35ـی دانیشتووانی ئێمە پەنابەرن، ئێمە بەرگەی پەنابەری زیاتر ناگرین و "فەڵەستینیەکانی دیکە" ناتوانن بێنە ئوردن. ئەوان نایانەوێت بێنە ئوردن و ئێمەش نامانەوێت بێنە ئوردن.
ڕۆژی سێشەممە شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردن سەردانی واشنتنی کرد و لەوێ هەڵوێستی پتەوی وڵاتەکەی لە دژی پلانەکەی ترەمپ دووپات کردەوە.
ناوبراو راشیگەیاند: ئێمە کار لەسەر پێشنیارێکی عەرەبی دەکەین کە دەری دەخات دەتوانین غەززە ئاوەدان بکەینەوە بەبێ ئەوەی دانیشتووانەکەی ئاوارە بکەین، هەروەها دەتوانین پلانێکمان هەبێت کە ئاسایش و حوکمڕانی مسۆگەر بکات. پێویستە ئیسرائیل بیر لەوەش بکاتەوە کە دەیەوێت لە 10 یان 20 ساڵدا ناوچەکە چۆن ببینێت."
هاوكات لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: ئیسرائیلییەکان پێویستیان بە بیرکردنەوەی درێژخایەن هەیە، بۆ ئەوەی بە ئارامی و ئاسایش بژین، دراوسێکانیشی پێویستیان بە ئارامی و ئاسایش هەیە.
ئیسرائیل دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس لە غەززە، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە کەرتی ڕۆژئاوا دەست پێ کرد.
بە هۆی هەڵمەتی سەربازیی و وێرانکاری بەربڵاوەوە، هەزاران فەڵەستینی ماڵ و حاڵی خۆیان لە کەرتی ڕۆژئاوا هەڵاتن.