ئەمڕۆ سێشەممە 18/2/2025، بە ئامادەبوونی بەڕێزان د.محەمەد ئەحمەد و مامۆستا مستەفا عبدالله ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، بەڕێز مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پێشوازیكرد لە بەڕێز د.خالد محەمەد صاڵح سەرۆكی ڕێكخراوی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی و شاندی یاوەری.
شاندی میوان تیشكیان خستەسەر ئەو كار و چالاكیانەی كە لە ماوەكانی ڕابردوودا لە بواری پەروەردە و گەشەپێداندا پێشكەش بە هاوڵاتیانی كوردستانیان كردووە و جەختیشیان كردەوە بە هاوكاری لایەنە هاوبەشەكان هەوڵی زیاتر لە داهاتوودا بۆ خزمەتكردنی گەنجان و لاوان لەو بوارەدا دەدەن.
لە بەرانبەردا، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەستخۆشی لە شاندی میوان و سەرجەم ئەندامانی ڕێكخراوی ژیار كرد بۆ ئەو خزمەت و كار و چالاكیانەی لە ماوەی ڕابردوودا پێشكەش بە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردیان كردووە، وە لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە ڕۆڵی كاریگەریان بینیوە.