سودانی لەبارەی مووچەوە رایگەیاند: هەوڵدەدەین لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایا نەوتییانە بکەینەوە کە لە هەرێم کاردەکەن لە رێگەی گەرەنتیکردنی ئەوەی هاوڵاتییانی هەرێم مافی خۆیان لە مووچە و شایستە داراییەکانی دیکەیان وەربگرن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا کە لە کۆڕبەندی هەولێر پێشکەشیکرد رایگەیاند: لەم کابینەیەی حکومەت کاری زۆرمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی کردووە، بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر، توانیمان ئەو کێشانە لە چوارچێوە سیاسییەکانیان دەربهێنین و بیانخەینە چوارچێوەی یاساییەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە، کار لەسەر ئەوە دەکەین رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهان تەواوبکەین، لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکەینەوە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بە جۆرێک کە بەشداربن لە بونیاتنانی ئابوریی عێراق و مافی هاونیشتیمانیی هەرێمی کوردستانیش مسۆگەربکات، ئەوەش لە رێگەی گەرەنتیکردنی ئەوەی کە مافی خۆیان بەبێ هیچ کەموکوڕییەک لە مووچە و شایستە داراییەکانی دیکەیان وەربگرن.