ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئازاری نێوان (ئەحمەد ئەلشەرع و مەزڵوم کۆبانی) ، بۆ هەردولا پێویست و گرنگ بوو ، چونکە:-
- هەردولا پێویستیان بەیەکتر هەیە .
- هەردولا مەترسی و ئالنگارییان لەبەردەمدایە .
- کاتەکەی بۆ هەردولا گرنگ بوو.
+ گرەنتی ڕێککەوتنەکە لەچیدایە ؟
- بە ئاگاداریی و سەرپەرشتی ئەمریکاو تورکیا و ناوەندی تری نێودەوڵەتی دانوستان و ڕێککەوتن کراوە .
- ئەحمەد ئەلشەرع وەک سەرکۆمار ڕاستەوخۆ خۆی وەکو هاوتای مەزڵوم عەبدی ، ئیمزای لەسەر ڕێککەوتننامەکە کردو نەیسپارد بە وەزیری بەرگریی یان ناوخۆ ،ئەوەش قورسایی زیاتر بەڕێککەوتنەکە و بەرامبەریش دەبەخشێ .
+ خاڵەکانی هێزو لاوازیی هەردولا :-
- ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتەکەی هێشتا تۆکمە نیەو لەژێر چاودێری و ئەزموندایەو شەرعیەتی دیموکراسیشی وەرنەگرتوە ، بەڵام نکولی لەو ڕاستیەش ناکرێ کە جەماوەرێکی زۆری خەڵکی سوریا کە ستەملێکراوی دەستی بنەماڵەی ئەسەدن ،ئەمڕۆ پشتیوانی لێدەکەن . هەروەها بیرمان نەچێ کە سوریا دەوڵەتەو وڵاتان وەکو ناوەندی بڕیار مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن .
لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل و هەندێ دەوڵەتی وەکو ئێران چاویان بەم دەسەڵاتە ئیسلامیە سوننەیەدا هەڵنایە و کێشەی بۆدروست دەکەن ، پیلانەکەی چەن ڕۆژی ڕابوردوو لە(لازقیەو تەرتوس) و لێکەوتە خراپەکانی بەڵگەی زەقن ، ئەمەجگە لە ئالنگارییە ناوخۆییەکانی پاشماوەی بەشارو بەعس و هەروەها عەلەوی و دورزیەکان، وەک دوو پێکهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی ، کە ئەوانیش بەشێکیان داخوازییان هەیە.
ئەحمەد ئەلشەرع بەم ڕێککەوتنە لەگەڵ کورددا وەک دووەم پێکهاتەی خاوەن هێزو خاوەن پشتیوانی نێودەوڵەتی و ئەقلیمی ، مەترسییەکان لەسەر دەسەڵاتەکەی زۆر کەمدەکاتەوەو یەکلا ئەبێتەوە بۆ دانوستان یان چارەسەری کێشەی پێکهاتەکانی دیکە و بەدەمەوە.چوونی ئەرکەکانی دیکەوە.
- هەسەدە بەردەوام لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەی تورکیادایە ، ڕاستە هێزێکی گەورەی پڕچەکی هەیە ،بەڵام بەشی زۆریان کورد نین و عەرەب و خەڵکی ترن ،کە لەهەلو مەرجێکی تایبەتی سەردەمی جەنگی داعش دا تێکەڵی هەسەدە بوون ،بۆ بەرگری لەخۆیان و ناوچەکانیان و هەروەها سوودمەند بوون لەو هاوکاری و موچەیەی کە ئەمریکا بە (هەسەدە) ی دەدات، بۆیە هەر ڕۆژێک ئەگەری هەیە بەنەمانی ئەو هاوکاریە و بێ نیازبوونیان لەهەسەدەو کورد ، جیابنەوە لێیان.
هەروەها پشتبەستنی هەسەدە بە ئەمریکا ، تاسەر جێی دڵنیایی نیە ، بەتایبەت لەسەردەمی (دۆناڵد ترامپ) دا کە پیاوێکی پراگماتی و بزنسمانە . خۆ ئەگەر دەوترێ هەسەدە خاوەنی (سامانی نەوت و غاز) ەو داهاتی خۆی هەیە ، بێگومان پاش گۆڕانکارییەکان ئاستەمە ڕێگە بدرێ چیتر (هەسەدەو ئیدارەی خۆسەر) نەوت و غازی ناوچەکانی خۆیان هەناردەبکەن و بەکاربێنن..
بەڵگەش ئێمە یە لەباشوری کوردستان کەهەرێمێکی دەستورین و پاڵپشتی نێودەوڵەتییشمان هەیە ،ئەوجا بەیاساو بڕیاری دادگای پاریس ڕێگریمان لێکرا کەنەوتی خۆمان ، خۆمان بیفرۆشین یان بەکاری بێنین .
- خاڵێکێ دیکە ئەوەیە کە نە ئەحمەد ئەلشەرع هەموو هێزە عەرەبیەکانی ناوخۆو وڵاتانی عەرەبی لەگەڵدایەو نە هەسەدەش لەلایەن هەموو هێزەکوردیەکانەوە پاڵپشتی دەکرێ ، بۆیە بەم ڕێککەوتنە هەردولا بۆشایی زۆر پڕدەکەنەوەو ڕەنگە بتوانن زۆر ئالنگاریی بەردەمیان بڕەوێننەوە و هەندێک لە دڵەڕاوکێکانیان کەم بکەنەوە.