بە پێی ڕەشنووسێک کە لە ئیدارەی ترامپ پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، هاووڵاتیانی 43 وڵات ڕووبەڕووی سنووردارکردن دەبنەوە بۆ چوونە ناو ئەمریکا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر :پلانەکە سێ ئاستی سنووردارکردنی لەخۆگرتووە کە توندترینیان قەدەغەکردنی تەواوەتی چوونە ژوورەوەی هاووڵاتیانی 11 وڵاتە.
هەروەها ڕەشنووسەکە کە لەلایەن بەرپرسانی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە ئامادەکراوە، سێ ئاستی سنووردارکردن لەخۆدەگرێت.
لیستی سوور: هاتنە ناوەوەی هاووڵاتیانی 11 وڵات بۆ ئەمریکا بەتەواوی قەدەغە دەکرێن. ئەو وڵاتانە بریتین لە: ئەفغانستان، بوتان، کوبا، ئێران، لیبیا، کۆریای باکور، سۆماڵ، سودان، سووریا، ڤەنزوێلا و یەمەن
لیستی پرتەقاڵی: هاووڵاتیانی 10 وڵات ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توندی ڤیزە دەبنەوە. ئەو وڵاتانە بریتین لە بیلاڕوس، ئێریتریا، هایتی، لائۆس، میانمار، پاکستان، ڕووسیا، سیرالیۆن، باشووری سوودان و تورکمانستان. لەم حاڵەتانەدا تەنها ڕێگە بە گەشتیارانی بازرگانی دەوڵەمەند دەدرێت بچنە ژوورەوە، لەکاتێکدا ڤیزەی کۆچبەران و گەشتیاران بە توندی سنووردار دەکرێت.
لیستی زەرد: 22 وڵات ماوەی 60 ڕۆژیان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەمریکا. ئەگەرنا لەوانەیە بگوازرێنەوە بۆ لیستی سوور یان پرتەقاڵی. ئەم وڵاتانە بریتین لە ئەنگۆلا، ئەنتیگوا و باربودا، بێنین، بورکینافاسۆ، کەمبۆدیا، کامیرۆن، کیپ ڤێرد، چاد، کۆنگۆ، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، دۆمینیکا، گینیا ئیکواتۆریال، گامبیا، لیبێریا، مالاوی، مالی، مۆریتانیا، سانت کیتس و نیڤیس، سانت لوسیا، ساو تۆمێ و پرینسیپی، ڤانواتو، و زیمبابۆی.