پەرلەمانتارێكی یەکگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایدەگەیەنێت :پێویستە حکومەتی هەرێم لە ڕۆژی ١٦/٣ ی هەموو ساڵێک ماتەمینی فەرمی سەرتاسەری ڕایبگەیەنێت و ئاڵاکان لەهەموو دامودەزگاکان داگرێت بۆ ئاستی دیاریکراو.
لەمبارەیەوە کاوە عەلی پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە بازنەی هەڵەبجە رایگەیاند :بەپێی بڕیاری ژمارە ٣٧ ی ساڵی ١٩٩٢ ی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٦/٣ ڕۆژی شەهیدە ، بڕگەی دووەمی ئەو ڕۆژەی هەموو ساڵێک ڕۆژی ماتەمینی ڕەسمی ڕادەگەیەنرێت ، تا ئێستا بە شێوەیەکی گشتی ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکراوە و هیچ تێچوویەکی نییە بۆ حکومەت و داگرتنی ئاڵا ڕێزلێنانێکە و وەفاداری دەبێت بۆ شەهیدان.
ناوبراو وتویەتیشی :پێویستە لەمساڵەوە ببێتە نەریت لای حکومەتی و سەرجەم دامودەزگاکان و هەروەها هاوڵاتیانی خۆشەیست بتوانن بە هەمان شێوە پابەند بن ، بە تایبەت لەسەردانیان بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە ڕەچاوی ڕۆژی ماتەمینی بکەن لە جلو بەرگدا.