ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، تائێستاش مەترسیی توشبوونی ئاژەڵان بە نەخۆشییەکانی پێ و دەم لە عێراق کۆتایی نەهاتووە، ئەمەش دوای نزیکەی مانگێک لە تۆمارکردنی یەکەم حاڵەت.
لەمبارەیەوە سائر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكدا رایگەیاند، نەخۆشییەکە لە نزیکەی 20 ناوچە بڵاوبووەتەوە، کە بووەتە هۆی مرداربوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵ.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، “مەترسییەکە هێشتا ماوە، ئەمەش پێویستی بە هۆشیاری و بەردەوامیی پابەندبوون بە رێوشوێنی خۆپارێزی هەیە، هەروەها نەهێشتنی گواستنەوەی ئاژەڵ لە نێوان پارێزگاکان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی ئاژەڵی توشبوویان تێدایە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە: هاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەرەوەی وڵات هۆکاری سەرەکی بوو بۆ سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکانی پێ و دەم، بەوپێیەی دەرکەوت هەندێکیان پێشتر توشبووی نەخۆشییەکە بوون. ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی هاوردەکردن هەیە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە کوشندەیە لە داهاتوودا.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە نزیکەوە چاودێریی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی.
نەخۆشیی پێ و دەم، یەکێکە لە مەترسیدارترین نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان کە توشی بەشێک لە ئاژەڵان دەبێت، ئەم نەخۆشییە بە بڵاوبوونەوە خێرایەکەی ناسراوە، هاوکات زیانێکی زۆری ئابوریشی لێدەکەوێتەوە، بەتایەت لەو وڵاتانەی کە پشت بە ئاژەڵداری دەبەستن وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی خۆراک و داهاتی نیشتمانی.
جێی باسی نەخۆشییەکە توشی مەڕ، بزن، مانگا، گامێش، زەڕافە و ئاسک دەبێت و توشی پەلەوەر نابێت.