ناسیۆنالیزم وه‌ك ڕێباز و ئایدۆلۆژیایه‌كی سیاسی، بۆماوه‌ی زیاتر له‌یه‌ك سه‌ده ده‌بێت له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نه‌یتوانیوه ئه‌زمونێكی حوكمڕانی سەقامگیر و سه‌ركه‌وتوو پێشكه‌شبكات. به‌پێچه‌وانه‌وه ته‌نها نمونه‌ی سیستمی حوكمڕانی دیكتاتۆری و شۆڤێنی و پشتبه‌ستووی به‌هێزی سه‌ربازی به‌رهه‌مهێناوه ، كه‌هۆكاری سەرەکی ناسەقامگیریی و سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی ئه‌ونه‌هامه‌تی و دواكه‌وتنه‌یه کە گه‌لانی ناوچه‌كه دەیان ساڵە پێوه‌ی ده‌ناڵێنن.
خاڵێکی‌تری لاوازی ناسیۆنالیزم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لەوەدا بەدیار دەکەوێت کە شكستی هێناوه تەنانەت له‌كۆكردنه‌وه‌ی ته‌نها یه‌ك نه‌ته‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی دروست و شایسته‌دا، هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ھەر یەکەیان بە شێوەیەک ، دوو نمونەی زەقی ئەو شکستەن لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست..
نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی چه‌ندین ده‌وڵه‌ت و قەوارەی سیاسی خۆیانن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه له‌چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی هاوچه‌رخ و پێشكه‌وتوودا خۆیان ڕێكبخه‌ن و ببنه‌هێزێكی حساب بۆكراو له‌سەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە نێو دامه‌زراوه جیهانییه‌كاندا رۆڵی کاریگەر و بەرچاو بگێڕن ، جگه‌له‌وه‌ش گیرۆده‌ی چه‌ندین كێشه‌ی سیاسی و ئابوری و سنوری ئاڵۆز و مه‌ترسیدارن لە نێوان خۆیاندا ..ھاوکات زۆربەی دەوڵەتە عەرەبیەکان بە دەوڵەتی شکستخواردوو حسابدەکرێن ..وێڕای شکستی گەورەیان تائێستاشی لەگەڵدا بێت لە ئاست چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستیندا.
نه‌ته‌وه‌ی كوردیش كه بە ھەمان شێوە كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه و بۆ دەیان ساڵ دەبێت ، به‌شێوازی جیاجیا له‌وپێناوه‌دا خه‌بات دەکات و قوربانی زۆر گەورەی بەخشیوە ، به‌ڵام ئەو ستراتیژ و شێوازی خەباتەی کاری پێکراوە ، تا ئەم چرکەساتەشی لەگەڵدا بێت ئەنجامێکی شایانی لێبەدەست نەھاتوە .. ئەوەی کە بۆ کوردستانی باشور رەخساوە ،ئاشکرایە کە لە دەرەنجامی ھەلومەرجێکی نێودەدەوڵەتی و جەنگێکی ئیقلیمیدا ھاتۆتەکایەوە ..
ئێستا ئەوەی کە مایەی نیگەرانی و تاڕادەیەکیش نائومێدکەرە ،ئەوەیە کە هێزو سه‌ركرده سیاسییه‌كان نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی گه‌وره، به‌ڵكو له‌سه‌رئاستی هه‌ربه‌شێك له‌به‌شه‌كانیشی ، نه‌یانتوانیوه له‌سه‌ر لانی كه‌می خاڵه هاوبه‌شه‌كان ڕێكبكه‌ون و له‌چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی گونجاو‌دا خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌و هه‌وڵ و تواناكانیان ڕێكبخه‌ن به‌ئاراسته‌ی گه‌یشتن به‌ئامانجی هاوبه‌ش و چاره‌نوسساز ..
له‌سه‌ر ئاستی باشوری كوردستانیش وێڕای پشتیوانی نێودەوڵەتی و ئەو ھەمو دەرفەتە دەبلۆماسی و سیاسی و ئابوریه‌ی كه‌بۆ ئەم ھەرێمە ڕخساوه له‌ماوه‌ی زیاتر لە (30) ساڵی ڕابوردودا، به‌ڵام به‌داخه‌وه هێزه سیاسیه ناسیۆنالیزمه كوردیه‌كانی باشووریش نه‌یانتوانیوه وەک پێویست و چاوەروانکراو سود لەو ھەمو دەرفەتە بۆڕەخساو و پشتیوانیە نێودەوڵەتیە وەربگرن و سیسته‌مێكی حوكمڕانی سه‌قامگیرو دامه‌زراوه‌یی و پێشكه‌وتوو بنیات بنێن ، بەڵکو ئەوەتا شكستی زۆر گەورەشیان هێناوه له‌ده‌سته‌به‌ركردنی ئاستێكی شایسته له‌دادپه‌روه‌ری و خۆشگوزه‌رانی و یاسا سه‌روه‌ری بۆ ھەمو چین و توێژه‌كان به‌بێ جیاوازی... بەشێوەک خەڵکی ھەرێم بۆ دابینکردنی لانی کەمی پێداویستیە بنەڕەتیەکانیان (مووچە بەنمونە ) بەناچاری پەنادەبەنەوە بۆ حکومەتی عێراق ..
ئەو دەرەنجامانەی سەرەوە و ھاوکات راگەیاندنی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان رێبەری پەکەکە کە ناوەرۆکەکەی بریتیە لە دەستھەڵگرتن لە ھزری ناسیونالیستی و وازھێنان لە ستراتیژیەتی خەباتی چەکداری و گرتنەبەری چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیک بۆ کێشەی کورد لە تورکیا ، بێگومان رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر شێوازی خەبات و چارەسەری کێشەی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان ..رێکەوتنەکەی نێوان سەرۆکی نوێی سوریا و سەرکردایەتی (ھەسەدە)لە رۆژئاڤا ، ھەنگاوێکی دروستە بەو ئاڕاستەیە..
ئێستا روداو و گۆڕانکاریەکان ئەوە دەخوازێت و کاتی ئەوە ھاتوە کە نوخبەی دڵسۆز و خەمخۆری رۆشنبیر و سیاسی کوردی بە ئاڕاستە فیکریە جیاوازەکانیانەوە ، دیالۆگێکی راشکاوانە و بابەتیانە لەنێوان خۆیاندا دەست پێبکەن بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش و کۆبونەوە لەسەر دیدگایەکی نوێ و پرۆژەیەکی گونجاو لە گەڵ گۆرانکاری و پەرەسەندنەکانی سەردەمەکەدا ، ھاوکات گرتنەبەری رێوشوێنی دروست بۆ بەرگرتن لە ھەر شکست و پاشەکشەیەکی ترسناک ، لەپێناو دەربازکردنی گەلەکەمان لەو گرێ ونەھامەتیانەی کە دەیان ساڵە پێوەی دەناڵێنێت ..ھەروەک قۆستنەوەی ھەر ئەگەر و دەرفەتێک کە بێتە پێش ، بەتایبەتی لەم ھەلومەرجە نائاسایی و ئاڵۆزەدا کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی پێداتێدەپەڕێت و ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری روداوی گەورە و گۆڕانکاری چارەنوسسازدایە ..
بەدڵنیایی کوردستان بەگشتی و ئەم ھەرێمە بە تایبەتی بەدوور نابێت لە پریشک و دەرھاوێشتەکانی ئەو بارودۆخە ناسەقامگیر و ئاڵۆزەی کە رووبەرێکی فراوانی تێکڕای ناوچەکەی گرتۆتەوە..
پوختەکەی ئەوەیە بۆ لایەنەکانی ناسیونالیستی کوردی ، کە زۆر گرنگە نوێکردنەوە و گۆڕانکاریی ریشەیی لە ھزر و رێبازی خەباتکردنیاندا ئەنجام بدەن و چیتر درێژە بە عەقڵیەتی رابوردوو نەدەن ، چونکە کێشەکانی گەلەکەمان لەم سەردەمەدا بە عەقڵیەت و رێکارەکانی رابوردودوو چارەسەر ناکرێن ، بۆیە پێویستە لە سەردەمی ئێستادا بژین..