x

X
18/03/2025 - 09:22
سیاسەتی دەسەڵات تەنیا بێئومێدکردنی خەڵکە

سیاسەتی دەسەڵات تەنیا بێئومێدکردنی خەڵکە

دەسەڵات لە نائومێدکردنی خەڵکدا براوەیە

دوو لایەنە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان بە ئەنقەست و مەبەست بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەن خەڵک بێئومێد بکەن لە گۆڕانکاری و خەون بینین بە ژیان و داهاتوویەکی باشترەوە، بۆ ئەوەش هەموو رێگەیەک دەگرنەبەر.

هەردوو پارتی حوکمڕان، پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، هیچ دەرفەرتێک لەدەست نادەن بۆ ئەوەی ئەو ئامانجەیان بەدیبهێنن کە بڵاوکردنەوەی رەشبینیی و نائومێدی و کوشتنی خەونی گۆڕانکاریی و باشتربوونە.

نموونەکان زۆرن کە چۆن دەسەڵات دەیەوێ لە رێگەیانەوە رۆحمان بکوژێت و خەونمان لە گۆڕ بنێت و هیوامان بۆ ئاییندە لەناوببات.

بۆ نموونە، کە هەڵبژاردن دەکرێت لەڕێگەی تەزویر و ساختەکاری وادەکات خەڵک چیدی ئومێدیان بە گۆڕانکاری لەڕێگەی هەڵبژاردن نەمێنێت. ئەگەر هەڵبژاردنەکەش پاک بێت و تەزویر کەم بکرێت ئەوا هەر دەسەڵات خۆی دەنگۆی تەزویر بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی خەڵک هیوایان بە گۆڕینی دەسەڵات لەڕێگەی سندوقی دەنگدان لاوازبێت و نەچنە دەنگدان. لەم پرسەشدا سەرکەوتوو بوون، ئەوەتا زۆرینەی خەڵک لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا بایکۆت دەکەن و بەوەش دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە لەرێگەی ئەندامانی خۆیانەوە دەبنەوە زۆرینەی پەرلەمان.

نموونەیەکی دیکە بۆ بڵاوکردنەوەی رەشبینی و  نەهێشتنی هیوا بۆ داهاتوو دروستکردنی لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ساختەیە کە لەڕێگەیەوە دەیەوێ دۆخێک دروستبکات خەڵک متمانە بە هیچ لایەن و حزبێک نەکەن و پێیانوابێت هەموو حزبەکان وەک یەکتر وان و جیاوازییان نییە. لەم رێگەشدا سەرکەوتوو بوون، چونکە لە هەرێمی کوردستان هەر لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠ حزب و قەوارە و لایەن دروستبوون کە هیچیان موعارەزەی راستەقینەی دەسەڵات نەبوون بەڵکو بۆ لەتکردنی دەنگی ناڕازی دروستبوون و هەندێکجار کەسێک لەپێناو دەستکەوتنی پۆستێک حزبێکی دروستکردووە.

بێگومان  پێنەدانی مافە سەرەتاییەکانی وەک ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیایی، بێبەشکردنی خەڵک لە سەروەت و سامانی وڵات و نەدانی  مووچە و دابینن نەکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک رێگای باش و کارەبا و ئاوی پاک هەموویان هۆکاری دیکەن کە خەڵک نائومێد بن.

گرفتەکەش ئەوەیە هەموو لە هەر کۆمەڵگە و وڵاتێکدا بێت، رۆحی نائومێد، گەلی پاسیڤ و رەشبین خەڵاتە بۆ ئەو بەرپرسانەی کە دەیانەوێ حوکم و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خەڵکدا بسەپێنن.

سامان حوسێن/ بەریتانیا

گرنگ
كەسێكی دیكە بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا
بەرگریی شارستانیی هاوڵاتییان لە مەترسییەک ئاگاداردەکاتەوە
نوێترین زانیاری لەبارەی مووچەی مانگی چوار بڵاوکرایەوە
سودانی :لوتكەی داهاتووی عەرەبی لە بەغداد گرنگییەكی زۆری دەبێت بۆ جیهانی عەرەبی