ئەندامێكی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لیژنەکە بە نیازە چارەسەری کێشەکانی دواکەوتنی وەرگرتنی ڤیزای ئەلیکترۆنی عێراق بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم سیستەمە هەنگاوێکە بە ئاڕاستەیەکی دروست لە چوارچێوەی دیجیتاڵکردن.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 20_ی ئادار-ی 2025 فاتن ئەلقەرە غولی، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق له لێدوانێكدا ڕایگهیاند، "سیستەمی ڤیزای ئەلیکترۆنی بۆ چونە ناو عێراق لە مانگی یەکی ساڵی 2024ەوە کاری پێدەکرێت، پێشکەشکردنیش لە ڕێگەی پۆرتاڵی ئەلیکترۆنی ئورەوەیە".
باسی لەوەش كرد،ئەو سیستەمە هەنگاوێکە بە ئاڕاستەیەکی دروست لە چوارچێوەی دیجیتاڵکردندا، کە هانی گەشتیاری و وەبەرهێنان دەدات لەناو عێراقدا بۆ ئەوەی ڕێکارەکان ئاسانتربن لەبری سەردانی کونسوڵخانە یان باڵیۆزخانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی دواکەوتنی وەرگرتنی ڤیزای ئەلیکترۆنی ڕێکارەکان قورس بون، بەشێک لە گەشتیاران گرفتیان هەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کێشە تەکنیکیەکان کە ئەم سیستەمە ڕوبهڕوی بوهتهوه".
ئهوه خستهڕوو، "لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمان بەدواداچون بۆ ئەو پرسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات چونکە ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر کەرتی فڕۆکەوانی یان کەرتی گەشتیاری، بۆیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بۆ ئاسانکاری ڕێکارەکانی چونە ناو عێراق لە هەمو وڵاتانەوە".