حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێم ڕایدەگەیەنێت، مه‌رجی ته‌مه‌ن به‌سه‌ر حاجیاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت و ئه‌و حاجیانه‌ی كه ته‌مه‌نیان له سه‌رووی 70 ساڵییه‌وه، له كۆی گشتی حاجیانی عیراق رێگه به له 7 ٪ـیان ده‌درێت حه‌ج بكه‌ن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئازاری 2025، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ده‌سته‌ی باڵای حه‌ج و عومره‌ی عیراقی، لەڕۆژی سێشه‌ممهی رابردوو نوسراوێكی ئاڕاسته‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تییەكەیان كردووه كە بەپشت به‌ستن به‌رێنماییه‌كانی سعودیه داوا ده‌كات، مه‌رجی ته‌مه‌ن له پرۆسه‌ی حه‌جی ئه‌مساڵ به‌سه‌ر حاجیاندا جێ به‌جێ بكات به‌جۆرێك ئه‌و حاجیانه‌ی كه ته‌مه‌نیان له سه‌روی حه‌فتا ساڵییه‌وه رێگه به‌له 7 ٪ـیان بدرێت فەریزەی حه‌ج بەجێبهێنن.
باسی لەوەشکرد، لە نوسراوه‌كه‌دا بەغدا داوا له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی كوردستان و سەرجەم پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق ده‌كات، ده‌ست به‌جێبه‌جێ كردنی رێنماییه‌كانی سعودیه بكەن و له ماوه‌یه‌كی دیاریكراو كه ده‌بێت و تا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو ٢٧ـی ئەم مانگە مامەڵەكان ته‌واو بكرێن
ئەوەشی خستەروو، له نوسراوه‌كه‌ی حه‌ج و عومره‌ی عیراقدا هاتووه، ئه‌و كه‌سانه‌ی لە پشكی هه‌رێمی كوردستان رێگەیان پێدەدرێت و له سه‌روی حه‌فتا ساڵییه‌وه‌ن ته‌نها 357 كه‌سن و ئه‌وانی دیكە بەناچاری دوا دەخرێن بۆ حەجی ساڵی2026.