گرنگە لە ماوەی دووگیانی و دوای لەدایكبوونی كۆرپە، پشكنینی پێشوەختە بۆ تەندروستی دڵی منداڵ بكرێت و ئەگەر هەر كێشەیەك هەبوو، زوو چارەسەر بكرێت، رێكخراوی تەندروستی جیهانیش پشكنینی پێشوەختە بۆ دڵی كۆرپەلە بەگرنگ دەزانێت.
كەی پێویستە پشكنینی ئیكۆی دڵ بكرێت بۆ منداڵان ؟؟
1. ئەگەر نەخۆشەكە شینبوونەوەی هەبوو.
2. ئەگەر زوو ماندوو بوو یان هەناسەی توند بوو یان هەناسەی خێرا بوو لە كاتی شیرخواردن یان یاریكردن.
3. دواكەوتنی گەشەی منداڵ بەتایبەتی ئەگەر كێشی زیادی نەكرد.
4. زوو زوو تووشی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە ببێ.
5. لە پشكنیندا دەركەوت دەنگی ناسروشتی لەگەڵ لێدانی دڵی هەیە.
6. ئەگەر یەكێك لە باوانی منداڵەكە یان منداڵێكی تری ئەو خێزانە نەخۆشی زگماكی دڵی هەبوو وەك كونی دڵ.
7. ئەگەر دایكی منداڵەكە نەخۆشی شەكرەی هەبێ یان دەرمانی بەكارهێنابێ لەكاتی سكپڕێ بەبێ ڕێنمایی پزیشك.
8. ئەگەر منداڵەكە تێكچونێكی زكماكی تری هەبێ وەك لێوی كەروێشكی و كونی مەڵاشوو یان پەنجەكانی ناڕێك بن یان زیاد بن.
9. ئەگەر نەخۆشەكە ناڕێكی جینات یان ناڕێكی كرۆمۆسۆمی هەبێ وەك منداڵی داون (مەنگۆلی).
10. چەند نیشانەیەكی تریش هەن كە پزیشك لەكاتی بینی نەخۆشەكە بڕیار دەدات كە ئەو منداڵە دەبێ ئیكۆی دڵی بۆ بكرێ.
چارەسەری ئەم نەخۆشیانە چیە بە شێوەیەكی گشتی ؟؟
1. بەشێكی زۆریان تەنها چاودێری دەكرێن لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی دڵ و بە تەواوەتی چاك دەبنەوە یان ماكی تریان لێ دەر دەكەوێ و چارەسەری پێویستیان بۆ دادەنرێ.
2. دەكرێ لە ڕێگەی دەرمانەوە چارەسەری نەخۆشیەكە بكرێ بۆ هەندێكی تایبەتی ئەم نەخۆشیانە.
3. قەستەرەی دڵی منداڵان یەكێكە لە تازەترین و پێشكەوتوو ترین ڕێگەكانی چارەسەرو هەڵبژاردەی یەكەمە پێش نەشتەرگەری دڵی كراوەو ڕێگەیەكی تاڕادەیەكی باش سەركەوتووە وەك داخستنی كونی دڵ بە قەستەرەو فراوانكردنی زمانە تەسكەكانی دڵ بە قەستەرە.
4. نەشتەرگەری دڵی كراوە بۆ حاڵەتە قورس و ئاڵۆزەكان.
(د. موحەمەد كەریم هەورامی – پسپۆڕ لە نەخۆشیەكانی منداڵان و تازە لەدایكبووان)