سەرۆكی ڕووسیا نامەیەك ئاراستەی سەرۆكی ڕاگوزەری سوریا دەكات و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەر جۆرە هاوكارییەكی كردەیی دەردەبڕێت.
ئاژانسی تاس بڵاویكردۆتەوە، (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆكی ڕووسیا نامەیەكی ئاڕاستەی (ئەحمەد شەرع) سەرۆكی ڕاگوزەری سوریا كردووەو تێیدا ئامادەیی مۆسكۆی بۆ هەر جۆرە پشتگیری و هاریكارییەكی كردەیی دەربڕیوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پۆتین لە نامەكەیدا جەختی لەوەكردۆتەوە، كە مۆسكۆ خوازیاری پێشخستنی پەیوەندی و هاریكارییە دوو قۆڵییەكانە لە سەرجەم بوارە جیاجیاكاندا لەگەڵ سەركردایەتی نوێی سوریا.
سەرۆكی ڕووسیا باسی لەوەشكردووە، مۆسكۆ ئامانجییەتی لەڕێگەی پێشخستنی هاریكارییەكان لە كەرتە جیاجیاكاندا، پەیوەندییەكی دۆستانە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا دروست بكات.
جێگای ئاماژەیە، دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو، بەشێك لە سەربازانی ڕووسیا لە سوریا كشانەوە، بەڵام تا ئێستا بەشێكیان لە بنكەی حەمیم ماونەتەوە.