كەشناسی هەرێم پێشبینییەكانی كەشوهەوای ئەمڕۆو سبەینێی بڵاوكردەوەو بەپێی پێشبینییەكان، پلەكانی گەرما نزمتر دەبنەوەو لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووی باكوورو رۆژهەڵاتی هەرێم ئەگەری بەفربارین هەیە.
كەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان هەور دەبێت، پێشبینی دەكرێت لە ناوچەكانی باكوورو رۆژهەڵاتی هەرێم وەك سلێمانی و هەڵەبجەو دهۆك و ئیدارەی سۆران و ئیدارەی گەرمیان نمەباران و بارانی مامناوەند ببارێت بە تایبەت لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆدا، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنووریەكانی باكوورو رۆژهەڵاتی هەرێم ئەگەری كەمێك بەفربارین هەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سبەینێ شەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لە هەندێك ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە سنووری پارێزگای دهۆك كەمێك نمەباران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییە سنووریەكانی باكوور ئەگەری كەمێك بەفربارین هەیە.
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، ئەمڕۆ پلەكانی گەرما (2 تاوەكو 4) پلەی سیلیزی دادەبەزن و سبەینێش نزیك دەبنەوە لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 17 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 15 پلەی سیلیزی
دهۆك : 17 پلەی سیلیزی
كەركوك : 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی
سۆران : 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 5 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 24 پلەی سیلیزی