دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەڕوداوێکدا لە گوندی قەرەتەپەی ناحیەی یایجی لە کەرکوک شەش هاوڵاتی کوژراون و سێ هاوڵاتی دیکەش برینداربون، پۆلیسی کەرکوک دەڵێت، تەقەکاران دەستگیرکران و دەستگیراوە بەسەر ئەو چەکانەی کە تاوانەکەی پێئەنجام دراوە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکوک لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای كردووە : توانیویانە سەرجەم تۆمەتبارانی شەڕەکەی ئەمشەوی گوندی قەرەتەپە دەستگیربکەن، کە شەش هاوڵاتی کوژراون و سێی دیکەش برینداربون.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشكردوە، دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرتوە، کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە و تۆمەتباران بە ماددەی 406ی کوشتنی بە ئەنقەست بەندکراون.
جێی باسە درەنگانی شەوی رابردوو پێکدادانی چەکداریی لەنێوان دو بنەماڵەی گەورەدا لە گوندی قەرەتەپەی ناحیەی یایجی لە کەرکوک ڕویدا و قوربانی لێکەوتەوە.
هاوكات ئەوە سێیەمین روداوی تەقەکردنە لەناومەنگی رەمەزانی پیرۆز لە دوای ئەوەی پێشتر دو ڕوداو لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی رویاندا و کوژراو برینداری لێکەوتەوە.