ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی دووشەممە کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دەکات.
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکە، رۆژی دووشەممە 24ـی ئازاری 2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆ لەسەر حەوت بڕگە دەکرێت.
لە بڕگەی چوارەمدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت، کە تایبەتە بە خزمەت و خانەنشینیی ئەندامانی دەستەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە لایەنە شیعەکان پێداگیرییان دەکرد بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
فراکسیۆنە شیعەکان بە تایبەتی دەوڵەتی یاسا و سادیقون بەهۆی ئەوەی لەماوەی رابردوودا پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی نەخرابووە کارنامەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنەکەوە، بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردبوو، بەوهۆیەشەوە ئەنجوومەنی نوێنەران ماوەی مانگێکە نەیتوانیوە رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو بکات.