ئەو کەسانەی کە ئێوارەی دوێنێ کونسوڵخانەی عێراقیان لە ئیستانبوڵ کردە ئامانج و بەر فیشەکیاندا ئەمڕۆ دەستگیر کران.
رۆژنامەی (سەباح)ـی تورکیا ڕایگەیاند، کونسوڵخانەی عێراق لە ناحیەی شیشلی ئیسنتەپەی ئیستانبوڵ، لەلایەن دوو کەسەوە کە ماتۆڕیان پێبووە، بە چەک هێرشیکرایە سەر و لە ئەنجامدا ٩ فیشەک بەر بینای کونسوڵخانەکە کەوت، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک زیانی پێبگات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاش رووداوەکە، تیمەکانی بەشی کۆنترۆڵکردنی تاوانەکان دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و توانییان دوو تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن، کە لەکاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن، توشی رووداوێک بوون.
ئەوەشیان ئاشکراکرد، تۆمەتباران کە سەر بە باندی (داڵتۆن)ـن، دەستبەسەرکراون و هەموو رێوشوێنێکی پێویست لە دژیان دەگیرێتەبەر.