هەڵەبجەییەكان بەرانبەر قەیرانە سیاسی و ئابوریەكان چی دەڵێن؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هەڵەبجەییەكان بەرانبەر قەیرانە سیاسی و ئابوریەكان چی دەڵێن؟

كوردیو ـ هەڵەبجە ـ حەیدەر حەمەصاڵح

لەبەرانبەر ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوریەی كەی ڕوی لە هەرێمی كوردستان كردوە چەندین ئاسەواری ناهەمواری بەدوای خۆیدا هێناوە ،لەوانە ئیفلیج كردنی پەرلەمان وەك دەزگایەكی شارستانی ، بایكۆت كردنی دەوام لەتەواوی فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم و هاتنە سەرشەقام وتا ئەگاتە لێدان و توندوتیژی دروست بونی چەندین گرژی و ئاڵۆزی لە بوارە كۆمەڵایەتیەكانیدا ،بۆیە لێكدانەوە بۆ ئەو بارە ناهەموارە لەلایەن چین و توێژە جیاوازەكانی پارێزگای هەڵەبجە وە ڕاو بۆچونی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بیلال باسام نوسەر و ڕۆژنامە نووس بە كوردیوی ڕاگەیاند: دەریا بێ پەیە و شەپۆلەكان بێ ئەمان ،كەشتیەكە كونی تێدایە و هەمومان خەریكە نوقم دەبین ،هەرچەندە هەندێك لە سەر نشینەكان هەرلەسەرەتاوە باوەڕیان بەوە نەبوو ئەم كەشتیە بگاتە كەناری ئارامی و دوا وێستگەو شوێنی مەبەست، هەربۆیە پەسەك و چوپی باشیان هێناو و لەهەرساتێكدا ڕەنگە لێمان جیاببنەوە ئێمەش بەزریان و تۆفان بسپێرن .

هەروەها پێشی وایە : ئەمەی لەم هەرێمەدا ڕوو ئەدات كت و مت شكستی عەلمانیەتی كوردیە لە فۆرمی دەسەڵاتدا كە هێندەی تێزەكانی ماركس بونی هەیە لەخەیاڵدانی بەشێكی زۆر لەبەرپرسانی دا، نیو هێندە خودا حزوری نییە .

بیلال باسام ئاماژە بەدەسەڵاتەكەی حكومەتی هەرێم دەكات و دەڵێت : دەسەڵاتێك پاوانخواز و ئایدۆلۆژی و دوژمن تاش كەگشت هەم و خەمێكی سڕینەوەی دەنگ و ڕەنگەكانی تر و لەقاڵبدانی ئیسلامیەكان و كاڵ كردنەوەی بەها كانیان بوو ،دەسەڵاتێك كەتەنهاپۆستی بەڕێوەبەری خوێندنگەیەكی سەرەتایی بەكەسێكی بێلایەن یان ئیسلامی ڕەوا نەدەبینی ،دەسەڵاتێك كە خاوەن سەرۆكایەتی و فرۆشتنەوەی تەندەر و دیواخانانەو هەزاران بندیوار و خانە نشینی حیزبیە هەر ئەبێت ئەمە ئاكامەكەی بێت .

بەهرە عەبدولا چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی و چالاك لە بوراەكانی ژنان وادهەبینێت كە " ئەو دۆخەی ئێستە كوردستانی پیادا دەڕوات دۆخێكی دروست كراوە ، ئەگینا كوردستانێكی ئێمە خاكێكی دەوڵەمەندە خاوەن زێڕی ڕەش و دەشتێكی بەپیت و ووڵاتێكی ئاوەدانە، ئەو دۆخەی سەپێنراوە بەسەر یدا و خەڵكە خێرلەخۆنەدیوەكەی توشی ئەو وەزعە كراوە، لە ڕاستیدا قەیرا بوونی نیە بەڵكو ئەوە دروستكراوی سیاسیەكان بۆ مەبەست و مەرامی تایبەتی خۆیان، وا هەست ناكەم ئەنجامێكی باش چاوەڕێمان بكات چونكە سەرجەم دەرگاكانیان بەڕودا داخستووین، بەداخەوە لەبری ئەوەی ئەو ئەو شەڕەی بەرۆكی كوردستانی گرتووە لەبەر چاو بگرین و دۆخەكە بقۆزنەوە بۆ سەربەخۆ بوونی كوردستان ڕاگەیاندی دەوڵەتی كوردی بەڵام سەرقاڵی سازكردنی نەهامەتی زیاترن بۆمان.

ئەو چالاكوانە بۆ كوردیو زیاتر دوا و وتی " ئەگەر سیاسیەكان و سەركردایەتی كورد بیانهەوێت ڕێك دەكەون و ئەو دۆخە بەئاسانی چارە دەكەن و هیچ قەیرانێك بوونی نامێنێت، بەڵام ئەگەر ئەوان ڕێك نەكەون و واز لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی نەهێنن نەك ئەو دۆخە چارە نابێت بەڵكو بەرەو خەراپتر و ئاڵۆز تر دەچێت".

ئومێد كەمال مامۆستای زانكۆ سەبارەت بە قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد : كوردستان لەبەردەم دوریانێكی دژواردایە و ئاسۆكانی بەردەم داهاتوی لێڵن ،هێزەكگورەكانی سەر گۆرەِپانی سیاسی كوردستان ئەركێكی گەورەی مێژوییان لەسەر شانە ، بەڵام قەیرانەكان چەندە مەترسی و هەرەشەن ،هێندەش لەهەناویاندا هەل و فرسەتیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتوە .

ئاماژەی بۆ ئەوش كرد ئەگەر جەنگی كەنداو نەبویە ڕاپەڕینی گەلانی عێراق دروست نەدەبوو ، ئەگەر پەلاماری عێراق و كۆچی ملیۆنی گەلەكەمان نەبوایە بڕیاری دژە فرێن بۆ گەلەكەمان بەدی نەدەهات ،ئەم قەیرانانەش فرسەتن بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵەكان .

هەروەها دەشڵێت : بونی ئەم قەیرانە سیاسییە فرسەتە تا بڕیاری سیاسی بدرێت چونكە بەتاك لایەنە قەیرانەكان چارەسەر نابێت ،قەیرانی دارایی شكستی حكومەتی پێ وتین شكستەكە لەوەدایە كە بێ پلانی باری سەرشانی حكومەتی قورس كردوە وەك سەدان هەزا خانەنشینی نایاسایی و بندیوار و پلە تایبەت و قۆرغكردنی بازار بۆ حیزب و بەرپرسەباڵاكان و دەوڵەمەند بونی ناسروشتی ئەم دۆخەیان خولقاندوە .

بۆچارەسەری ئەم دۆخەش ئەو مامۆستای زانكۆ دەڵێت پێویستە سەرجەم جومگەكانی دەسەڵات ڕێك بخرێتەوە ئەگەر نەتوانرا ئەو پێویستە ئەم حكومەت هەڵبوەشێنرێتەوە و حكومەتیێكی ڕاگوزاری نیشتیمانی ڕابگەیەنێت.

لەلایەكی دیكەوە ئیسحاق عەلائەدین ڕۆژنامە نووس سەبارەت بە قەیرانی سیاسی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات : ئەو حوكومەتەی ماوەی 24 ساڵە بونی هەیە هیچ كات حسابی بۆ یاسا و یاسا سەروەری نەكردووە ، نەبونی یاسا سەروەری بۆتە تاكە گرفتی سەرەكی هاوڵاتیان كوردستان ، یاسا لە كوردستان تەنها بۆ هاوڵاتیانی فەقیر و هەژار و بێدەستەڵاتە نەك بۆ گەندەڵكاران و ئەو مافیایانەی دەستیان بەسەر هەمو كوردستاندا گرتووە ، بۆ موچەی ناسایایی و بندیوارەكان و كادیرانی حزبی نیە .

ئەو ڕۆژنامە نووسە دەڵێنت : نابێت هەر پارت و حزبێك شتێكی بەدڵ نەبوو بەئارەزوی خۆی هەڵسوكەت بكات و هەركاتێك ویستی پەرلەمان لەكار بخات و حكومەت هەڵبوەشێنێتەوە و بریاری تاكلایەنە و حزبیانە بەسەر حكومەت و پەرلەماندا بسەپێنێت ، بۆ ئەوەش ئەبێت پەرلەمان بكرێتە تاكە مەرجەعی سەرەكی بریاردان و هەمو حزبەكانیش بە یاسا ناچاربكرێن پابەندبن پێیەوە و سەرپێچی كار سزا بدرێت .

سەبارەت بە هۆكاری دروست بونی ئەو بارودۆخە ئابوریەكەی هەرێم ئەو ڕۆژنامە نووسە ئەوە دەخاتە ڕوو كە : ئەو بارودۆخەی دروست بووە هەموی بە هۆی بونی گەندەڵییەكی زۆر و كۆمەڵێك مافیا لە ناو حزبەوە و لەرێگەی حزبەوە خزاونەتە ناو حكومەتەوە و كۆنترۆڵی هەمو جومگەكانی دەستەڵاتیان كردووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان هێناوە ، پێویستە موچەی هەمو بندیوارەكان و كادیرانی حزبی ببردرێن و دابەشكردنی موچە بكرێتە سیستەمی ئەلیكترۆنی ، ئەگەرنا قەیرانی نەبونی موچە بە برین و كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی خوارەوە ناكرێت ، ئەبێت ئەو پارانەی نێردراونەتە دەرەوە بگێردرێنەوە كوردستان ، ئەوەش بە دڵنیاییەوە لە رێگەی هێزێكی نێودەوڵەتی وەكو نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشەوە ئەبێت بۆ ئەوەش ئەبێت لە دەرەوە سكاڵا لەسەر پارتی و یەكێتی تۆمار بكرێت و ناچار بكرێن بە گێرانەوەی سەرجەمی هەمو پارەكانی كوردستان .

ماوەتەوە بڵێین تۆبڵێیت كەشتیە كون تێبوەكەی كوردستان دانایانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و لە شەپۆلە سەختەكانی دەریا ڕزگاری بێت و بگاتە كەنارەكانی ئارامیی و پێكەوە لە سایەیدا گۆرانی بۆ جوانیەكانی نیشتمان بچرێن .

هه‌واڵی گرنگ