محه‌مه‌د عه‌بدوڵا، دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی سه‌د كیلۆمه‌تری بڕیبوو، مه‌ڕه‌كانی له‌ده‌شتی گه‌رمیانی باشووری خۆرهه‌ڵاتی سلێمانییه‌وه گه‌یاندبووه قه‌زای پێنجوێنی باكوری خۆرهه‌ڵاتی سلێمانی، به‌دیار ماڵاته‌كه‌یه‌وه دانیشتبوو بیری له‌وه ده‌كرده‌وه كه چۆن ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بارووباپیرانی ئه‌و ماوه زۆره‌یان بڕیوه بۆ له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕوماڵاته‌كه‌یان.
كه‌می رێژه‌ی باران بارین له‌وه‌رزی زستانی ئه‌مساڵدا له‌ناوچه‌ی گه‌رمیان، به‌روبومێكی كشتوكاڵی ئه‌وتۆی نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌وه‌ڕگاكانی ناوچه‌كه توانای به‌خێوكردنی مه‌ڕو ماڵاتیان نه‌ما‌و بێ له‌وه‌ڕی رووی له‌ناوچه‌كه كرد، به‌شێكی زۆری مه‌ڕداره‌كانی ناوچه‌كه بۆ دابینكردنی له‌وه‌ڕگا بۆ مه‌ڕو ماڵاته‌كانیان روویان له‌قه‌زای پێنجوێن‌و ناوچه سه‌وزه‌كانی تر كرد.
مه‌ڕداره‌كان كه ده‌یان كیلۆمه‌تر له‌ناوچه‌كانی خۆیان دوور ده‌كه‌ونه‌وه، هه‌ر وازوو ناگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵكو چه‌ند مانگێك ره‌شماڵ هه‌ڵده‌ده‌ن تا ئه‌وكاته‌ی وه‌رزی ته‌ڕوتووشی روو له‌ناوچه‌كانی خۆیان ده‌كاته‌وه.
محه‌مه‌د عه‌بدوڵا (40) ساڵ، دانیشتووی گوندی (حه‌سیره)یه له قه‌زای كفری سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانی، هۆكاری گه‌یشتنیانی به‌له‌وه‌ڕگاكانی نزیك پێنجوێن بۆ نه‌بونی له‌وه‌ڕی پێویست ده‌گه‌ڕێنێته‌وه له‌گونده‌كه‌ی خۆیان، ئێستا هه‌ست به‌ئاسوده‌ی ده‌كات كه مه‌ڕه‌كانی له‌له‌وه‌ڕێكی زۆر‌و زه‌وه‌ن دان.
محه‌مه‌د كه خاوه‌نی 450 سه‌ر مه‌ڕو بزنه به"نیقاش"ی وت "ئه‌مساڵ باران كه‌م باری له‌ناوچه‌ی گه‌رمیان نه دانه‌وێله سه‌وز بوو تاوه‌كو له‌وه‌رزی هاویندا مه‌ڕ له‌جاڕه‌كانیدا بله‌وه‌ڕێنین‌و نه گژوگیایش سه‌وز بوو، بۆیه ناوچه‌كه به‌ته‌واوی رووتاوه‌ته‌وه مه‌ڕو ماڵات تیایدا به‌خێو ناكرێت، به‌ڵام له‌ناوچه كوێستانیه‌كان له‌وه‌ڕو ئاوی زۆر هه‌یه".
وتیشی "ئێستا ئێمه به‌ماڵ‌و منداڵه‌وه دوای مه‌ڕو ماڵاته‌كه‌مان كه‌وتووین له‌به‌رئه‌وه‌ی بژێوی ژیانمان له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌یه‌تی‌و ناتوانین ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرین، ئه‌م جۆره له‌گه‌رمیان‌و كوێستان كردنه سودی زۆری بۆ مه‌ڕ هه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وه‌ڕی پاك ده‌خوات‌و له‌كه‌ش‌و هه‌وایه‌كی فێنك دایه، به‌ڵام خۆمان زۆر ماندوو ده‌بین به‌ده‌ستیانه‌وه له‌ده‌واردا ده‌ژین".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "به‌منداڵی به‌بیرم دێت باوكم‌و خزمه‌كانم گه‌رمیان‌و كوێستانین ده‌كرد، ئه‌وان هه‌موو ساڵێك ئه‌و كاره‌یان دووباره ده‌كرده‌وه‌و پێی راهاتبوون، وه‌رزی زستان‌و هاوین نه‌بێت چه‌ند مانگێگ له‌شوێنێكدا به‌جێگیری ده‌مانه‌وه، ئه‌گه‌رنا وه‌رزه‌كانی تر به‌ده‌وام له‌باركردن‌و ره‌وكردندا بوون".
گه‌رمیان‌و كوێستان كردنی مه‌ڕداران پیشه‌ی زۆربه‌ی مه‌ڕدارانی هه‌رێم بووه، له‌ناوه‌ڕاستی وه‌رزی به‌هاردا له‌ناوچه گه‌رمه‌كانه‌وه قۆناغ به‌قۆناغ كۆچیان كردووه‌و له‌سه‌ره‌تای وه‌رزی هاویندا له‌ناوچه كوێستانیه‌كان بارگه‌و بنه‌یان خستوه‌و ره‌شماڵیان هه‌ڵداوه‌و دواتر به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه ئه‌م گه‌رمیان‌و كوێستانه ته‌واو كه‌مبووه‌ته‌وه‌و له‌كۆتایی هه‌شتاكانیش كه گونده‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمی به‌عس به‌ر پرۆسه‌ی "ئه‌نفال" كه‌وتن، ئیتر ئه‌م دیارده‌یه به‌نزیكه‌یی بوونی نه‌ماوه.
عادل محه‌مه‌د (45 ساڵ) مه‌ڕدارێكی گوندی "دڕكه"ی قه‌زای كه‌لاره، له‌ئێستادا له‌گوندی "تازه‌دێ"ی قه‌زای پێنجوێن ڕه‌شماڵی هه‌ڵداوه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت باو باپیرانی سه‌رده‌می زوو سنوری هه‌رێمی كوردستانیان بڕیوه‌و چونه‌ته گونده‌كانی شاری مه‌ریوان له‌كۆماری ئیسلامی ئێران.
عادل به"نیقاش"ی وت "گه‌رمیان‌و كوێستانكردن پیشه‌ی باوباپیرانمان بووه، ئێمه‌یش ئاشنایه‌تیمان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی بوونی له‌وه‌ڕگاوه له‌گونده‌كانی خۆمان وازمان لێهێنابوو، نه‌بونی له‌وه‌ڕ ئه‌م ساڵ ناچاری كردین نه‌ریتی كۆنی باوباپیرانمان زیندوو بكه‌ینه‌وه به‌هه‌مان حه‌ماسه‌تی رابردوه‌وه ده‌ستمانداوه‌ته كۆچكردن".
ئه‌وه‌ی گه‌رمیان‌و كوێستانی ئێستا له‌وه‌ی رابردوو جیا ده‌كاته‌وه ئاسانی پرۆسه‌كه‌یه، چونكه جاران كاكی شوان ناچاربووه ده‌یان كیلۆمه‌تر به‌پێی یان له‌سه‌ر پشتی وڵاخ له‌گه‌ڵ مه‌ڕو ماڵاته‌كه‌ی ببڕێت تا گه‌یشتووه‌ته شوێنی مه‌به‌ست، به‌ڵام ئێستا هه‌ندێ له‌شوانه‌كان مه‌ڕوماڵاته‌كه‌یان سواری ئۆتۆمبێل ده‌كه‌ن‌و به‌چه‌ند كاروانێك ده‌یانگه‌یه‌ننه ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ی ده‌یانه‌وێت.
ئه‌و مه‌ڕداره كه خاوه‌نی 500 سه‌ر مه‌ڕو بزنه كۆچكردنیان له‌گه‌رمیانه‌وه بۆ كوێستان به‌زه‌حمه‌ت ناوده‌بات، له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان رانه‌هاتوون به‌ژیانی ژێر ره‌شماڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێچووی كۆچكردن‌و كڕینی له‌وه‌ڕگاكان له‌كوێستانه‌كان خه‌رجیه‌كانیانی زیاد كردووه.
مه‌ڕدار به‌ر له‌وه‌ی بچێته له‌وه‌ڕگا نوێیه‌كه، پێش له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌و خاوه‌نی زه‌وییه‌كه رێكده‌كه‌وێت بۆ ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌و تا مه‌ڕه‌كانی تێر له‌وه‌ڕ ده‌بن بڕێك پاره ده‌داته خاوه‌نی زه‌وییه‌كه.
ئه‌و دوو مه‌ڕداره‌ی گه‌رمیان سێ مانگه له‌نزیك قه‌زای پێنجوێن بارگه‌یان خستوه، له‌گه‌ڵ كۆتای هاتنی مانگی ئه‌یلولدا ئه‌وانیش نزیك ده‌بنه‌وه له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌ی گه‌رمیان‌و ده‌بێت هه‌مان رێگا ببڕنه‌وه كه پیای رۆیشتوون.
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم نزیكه‌ی چوار ملیۆن‌و 500 هه‌زار سه‌ر مه‌ڕو 280 هه‌زار سه‌ر ره‌شه‌وڵاخ له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌و به‌شێك له‌مانه‌ش ئه‌م ساڵ گه‌رمیان‌و كوێستانیان پێكراوه.
ره‌مه‌زان كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ڵ له‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو به"نیقاش"ی وت "خه‌ڵكی ده‌ستی كردۆته‌وه به‌به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ، گه‌رمیان‌و كوێستانیان پێده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری كوێستانه‌كان ته‌لبه‌ند كراون، بۆیه به‌خێو كردنیان زه‌حمه‌ت بووه".
له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دوایی دانیشتوانی ناو شاره‌كانی هه‌رێم راهاتوون له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان بۆ كه‌یف‌و سه‌فا باخچه‌و هه‌واری هاوینه دروست بكه‌ن‌و هه‌ر ماڵێكیش چه‌ند دۆنمێكیان كڕیوه‌و بۆ جیاكردنه‌وه‌یان ته‌لبه‌ندیان كردووه.
به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی سامانی ئاژه‌ڵ وتیشی "ئه‌و شێوازه به‌خێوكردنه‌ی ئێستا وه‌كو پێویست نییه، باشتره له‌پرۆژه مام ناوه‌ند‌و گه‌وره‌كاندا به‌خێو بكرێن، ئه‌وه‌ش روونه هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌و رێژه ئاژه‌ڵه زیاتر هه‌ڵده‌گرێت كه تێیدا به‌خێو ده‌كرێت".