یانەی شوڕتەی عێراقی خۆی گەیاندە قۆناغی هەشتەمی یانە پاڵەوانەكانی عەرەبی پاش ئەوەی لەیاری هاتنی قۆناغی 16می جامەكە بە پێنج گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی نوازیبۆی مۆریتانی بردەوە لەو یارییەی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو.
ئەمجەد عەتوان ئیبراهیم لەخولەكی هەشت گۆڵی یەكەمی بۆ یانەی شوڕتە تۆمار كرد ، دوای چوار خولەكی تر نەبیل صەباح زغەیر گۆڵی دووەمی یانەی شوڕتەی تۆمار كرد ، شوڕتە لە ئاستە بەرزەكەی بەردەوام بوو لەخولەكی 34 ئەمجەد عەتوان ئیبراهیم گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەكەی تۆمار كرد، بەر لەكۆتایی گێمی یەكەمیش بە حەفت خولەك ئەمجەد عەتوان ئیبراهیم گۆڵی چوارەمی تیپەكەی تۆمار كردوو خۆشی بووە خاوەنی هاتریك لە یارییەكە، گێمی یەكەمیش بەم ئەنجامە كۆتایی هات.
لەگەڵ دەست پێكردنەوەی گێمی دووەم بە پێنج خولەك نەبیل صەباح زغەیر گۆڵی دووەمی خۆی و پێنجەمی تیپەكەی تۆمار كرد، یارییەكەش بەم ئەنجامە كۆتایی هات، یانەی شوڕتە لەیاری چوونیش بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر سەركەوتنی تۆمار كردبوو، بەكۆی هەردوو یاری بە شەش گۆڵی بێ بەرامبەر براوە بوو خۆی گەیاندە قۆناغی هەشتەمی جامەكە.