پلانی وەرزی داهاتووی میلان چنینەوەی نازناوەكانە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

پلانی وەرزی داهاتووی میلان چنینەوەی نازناوەكانە

یانەی میلان بە ئامانجی رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکان لە وەرزی داهاتوودا، لە ئێستاوە دەستی بە ئامادەکارییەکانی کردووە و دەیەوێت وەرزی نوێ بە بەرگێکی نوێوە بچێتە نێو رکابەرییەکان.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیتالیا، رۆژی دووشەممە پاوڵۆ ماڵدینی، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە لەگەڵ ئیڤان گازیدێس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی میلان کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە یانەکەوە بکەن، کە یەکێک لەوانە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ماڵدینی بوو لەگەڵ یانەکە، سەرچاوەکان دەڵێن، رێککەوتن کراوە و ماڵدینی لە یانەکە دەمێنێتەوە.
میلان دەیەوێت لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا خۆی رێکبخاتەوە، بۆ ئەوەش هەنگاوەکانی دەستپێکردووە و ماڵدینی پەیوەندیی بە مینۆ رایۆلا، بەڕێوەبەری کارەکانی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ، جیانلویجی دۆنارووما و جیاکومۆ بۆناڤێنتۆرا کردووە، بۆ ئەوەی گرێبەستی ئیبرا و دۆنارووما نوێبکەنەوە، بەڵام بۆناڤێنتۆرا لە پلانەکانی یانەکەدا نییە، پێدەچێت ئەمڕۆ بەفەرمی یەکەم دەستەوارە پێشکێشی ئیبرا و دۆنارووما بکات بۆ ئەوەی گرێبەستەکانیان نوێبکرێتەوە.
میلان لە گواستنەوەی هاوینەدا چەند ئامانجێکی هەیە، پارێزگاریکردن لە هەریەکە لە ئیسماعیل بن ناسر، کە خواستێکی زۆری لەسەرە و هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و چێڵسی داوای دەکەن، لەگەڵ پارێزگاریکردن لە فرانک کیسی لە پلانەکانی یانەکەدان و نایەوێت ئەو دوو یاریزانە بفرۆشێت، جگە لەوەش رێککەوتن لەگەڵ هاکان چالهان ئوگلۆ کراوە، بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو 2024 نوێبکاتەوە و مووچەکەشی 3 ملیۆن یۆرۆ دەبێت لەگەڵ پێدانی پاداشت.
گواستنەوەی ساندرۆ تۆنالی، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بێریشیا، یەکێک لە ئامانجە دیارەکانی یانەی میلانە لە گواستنەوەی هاوینەدا، بۆ ئەوەش رکابەری ئینتەر دەکات، بەڵام پێدەچێت ماڵدینی بتوانێت تۆنالی رازیبکات رووبکاتە یانەکەی.
ناوێکی دیکە کە بە یانەی میلان دەبەسترێتەوە، فلۆرێنتینۆ لویس، یاریزانی یانەی میلانە، بۆ ئەم یاریزانەش پێشنیازکراوە، بۆ دوو وەرز بە خواستن رووبکاتە یانەی میلان، لەگەڵ ئەگەری کڕینەوەی یەکجاری بەرامبەر 35 بۆ 40 ملیۆن یۆرۆ، یانیش پاکێتا ببێتە بەشێک لە گرێبەستەکە.
ئالێکسی میرانچوک، یاریزانی رووسی و یانەی لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆی رووسی، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی میلان دەیەوێت بیگوازێتەوە ریزەکانی، بۆ ئەوەش یانەکە دەیەوێت ریکاردۆ رۆدریگێز، بکاتە بەشێک لە گرێبەستەکە و ئەو یاریزانە بداتە لۆکۆمۆتیڤ.
جگە لەم یاریزانانە، پلانێکی دیکەی میلان بۆ وەرزی داهاتوو ئەوەیە، لە دڵی بەرگری و باڵی راستدا دوو بەرگریکار بگوازێتەوە کە لەگەڵ خولی ئیتالیا بگونجێن و بتوانن هێڵی بەرگری یانەکە بەهێزبکەن.
هەوڵەکانی میلان بۆ گواستنەوەی ئەم یاریزانانە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو گرێبەستی ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەکە نوێکرایەوە.
میلان لە دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکانی سێریا ئەی، لە 10 یارییدا 7 بردنەوە و 3 یەکسانبوونی هەیە و ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە.

هه‌واڵی گرنگ