مانۆلاس، بەرگریکاری یۆنانی یانەی ناپۆلی ئیتالی لەسەر دەنگۆی تەوقەنەکردنی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لەگەڵ خۆی هاتەدەنگ.
لەدوای یاری بارسێلۆنا و ناپۆلی، لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، کە بە بردنەوەی بارسا بە 3 - 1 کۆتاییهات، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت مێسی دوای ئەوەی تەوقە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی و یاریزانانی ناپۆلی دەکات، رەتیدەکاتەوە تەوقە لەگەڵ یەکێکیان بکات، کە تەنیا دەستی دیارە و کاتژمێرێکی لەدەستە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتەیە وا بڵاوبووەوە کە ئەوە مانۆلاسە مێسی رازی نەبووە تەوقەی لەگەڵ بکات، کە پاڵەوانی ریمۆنتادای یانەی رۆما بوو بەسەر بارسێلۆنا و گوایە پێشتر بە بەرزکردنەوەی 3 پەنجەی بە رووی سوارێزدا ئاماژەی بۆ ئەو سێ گۆڵە کردووە کە رۆما لە بارسای کرد و لە چامپیۆنزلیگ دەریکرد.
مانۆلاس لەبارەی ئەوە دەنگۆیانە قسەی کرد و رەتیکردەوە بەهیچ شێوەیەک ئەوە لەنێوان خۆی و مێسیدا روویدابێت. ئەو گوتی "هەندێجار دەبێ ئاگاداربی، باش سەیری وێنەکان بکەی ئینجا شت بنووسی، دەبێ بەڵگەت پێبێت بۆ هەر شتێک کە دەیڵێیت، پێشتر قەت نەمبینیوە یاریزانێک لەنێو یارییدا کاتژمێر لە دەستی بکات".
یاریزانی یۆنانی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەوەی مێسی رازی نەبوو تەوقەی لەگەڵ بکات جونەیت چاکری ناوبژیوانی تورک بووە، کە یارییەکەی بەڕێوەدەبرد و گۆڵێکی مێسی رەتکردەوە، گوایە بەر لەوەی گۆڵ بکات بەر دەستی کەوتووە.