گەر میسى بانگهێشتى هەڵبژاردەى ئەرجەنتین بکرێت، لە سێ یارى بەرشەلۆنە لە خولى ئیسپانیادا بێبەش دەبێت.
یانەى بەرشەلۆنە لە چاوەڕوانى یەکلابوونەوەى هەڵوێستى لیۆنێل میسى کاپتنى یانەکەیدا لە پەیوەندیکردنى بە هەڵبژاردەى وڵاتەکەیەوە، بۆ بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانى جامى جیهانى ٢٠٢٢ى قەتەر، بەرامبەر هەڵبژاردەکانى ئیکوادۆر و بۆلیڤیا لە ڕۆژانى ٨ و ١٣ى تشرینى یەکەمى داهاتوودا.
ڕۆژنامەى مۆندۆى کەتەلۆنى بڵاویکردوەتەوە، ڕێوشوێنەکانى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا ئەوە دەگەیەنن، کە یاریزانەکان دوو هەفتە لە دابڕینى پزیشکیدا دەبن پێش ئەوەى پەیوەندى بە هەڵبژاردەکەیانەوە بکەن، بەمەش ئەگەر زۆرە بەرشەلۆنە تواناکانى یاریزانە نێودەوڵەتیەکانى لەدەستبدات لە یەکەم سێ یارى خۆیدا لە خولى ئیسپانیادا.
لە ئێستادا بەرشەلۆنە ئامادەکارى بۆ یارییەکەى بەرامبەر ڤیاڕیاڵ لە ٢٧ى ئەم مانگەدا دەکات، بەڵام گەر میسى پەیوەندى بە ئەرجەنتینەوە بکات، ئەوا پێویستە لەسەرى دوو هەفتە پێش وادەى خۆى گەشت بکات و بەمەش ئامادەى یارییەکانى بەرامبەر ڤیاریاڵ و سێڵتا ڤیگۆ و سیڤیلیە لە لا لیگادا نابێت.