سەرەڕای ئەوەی گاریس بەیل چووەتە لەندەن و تەنیا راگەیاندنی گرێبەستەکەی لەگەڵ تۆتێنهام ماوە، کەچی لەوانەیە گرێبەستەکەی شکست بهێنێت و بگەڕێتەوە ریال مەدرید.
دوای ئەوەی گاریس بەیل رۆژی هەینی گەیشتە لەندەن، لەلایەن هاندەرانی تۆتێنهام هۆتسپێرس پێشوازیی لێکرا و وابڕیاربوو گرێبەستەکەی بە خواستن بۆ ماوەی وەرزێک رابگەیەنرێت، بەڵام دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان گرێبەستەکە تەگەرەی تێکەوت.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەیدا رایگەیاندووە، مەترسی هەیە گرێبەستەکەی بەیل شکست بهێنێت، چونکە دەرکەوتووە بەیل پێکانی هەیە و بۆ ماوەی مانگێک ناتوانێت یاریی بکات، هەربۆیە تۆتێنهام لە راگەیاندنی گرێبەستەکە دوودڵە و پەشیمان بووەتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ چارەنووسی گرێبەستەکەی بەیل لەگەڵ تۆتێنهام یەکلابێتەوە، لەکاتێکدا دوێنێ بە فڕۆکەیەکی تایبەتی سەرۆکی تۆتێنهام لە مەدریدەوە گواسترایەوە لەندەن.