یانەی میلان یەکەم یاریی لە وەرزی نوێی سێریا ئەیدا ئەنجامدەدات و بە ئامانجی بردنەوەی سێ خاڵ بەرامبەر یانەی بۆلۆنیا یارییدەکات.
رۆسۆنێری لە دەستپێکی خولەکەدا، لە یاریگەی سانسیرۆ میوانداری یانەی بۆلۆنیا دەکات، لەو یارییەدا کە کاتژمێر 21:45 بەڕێوەدەچێت.
میلان بە ورەیەکی بەرزەوە ئەم یارییە ئەنجامدەدات، دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆپالیگدا بەرامبەر شامرۆک رۆڤەرز سەرکەوت و گەیشتە قۆناخی داهاتوو، لە گواستنەوەی هاوینەشدا هەریەکە لە ساندرۆ تۆنالی و براهیم دیازی گواستووەتەوە، بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکات.
میلان لەم یارییەدا بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی ئاندریا کۆنتی، ئەلیسیۆ رۆمانیۆلی، رافایێل لیاو و ماتیۆ موساکیۆ بێبەش دەبێت.
لە 10 یاریی رابردووی نێوانیاندا میلان تەنیا یەک یاریی بەرامبەر بۆلۆنیا دۆڕاندووە، بۆیە ئەمشەویش یانەکە دەیەوێت درێژە بەو ئەنجامە باشانەی بدات کە بەرامبەر ئەو یانەیە هەیەتی و بەبردنەوەی سێ خاڵ بچێتە نێو ڕکابەرییەکانی خولەکە.