تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی: مایەی پێكەنینە بۆچارەسەر منداڵەكانتان دەبنە دەزگا تەندروستیەكانی هەولێر
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی: مایەی پێكەنینە بۆچارەسەر منداڵەكانتان دەبنە دەزگا تەندروستیەكانی هەولێر


تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ڕوونكردنەوەی لەسەر ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند: ئەو قسانەی تەندروستی هەولێر نەك بۆ ئێمە، بەڵكو بۆ ئەو منداڵانەش جێگای بڕوا نیە كە لە نەخۆشخانەكە چارەسەردەكرێن و بۆ ئەو باوك و دایك بەرێزانەش مایەی پێكەنینە كە منداڵە ئازیزەكانیان دەبنە دەزگا تەندروستیەكانی هەولێر بۆ چارەسەر.

 

دەقی ڕوونكردنەوەكە:


وەڵامێك بۆ ڕونكردنەوەكەی تەندروستی هەولێر لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتیەوە دەربارەی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی فێركاری بۆ منداڵان
لە رۆژی ٢٠٢٠/٩/٢٥ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردوەتەوە لەسەر بەتایبەتكردنی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی فێركاری بۆ منداڵان. تۆڕەكەمان رۆژێك پێشتر راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە لەسەر ئەو بابەتە و مەترسیەكانی خۆی پیشاندا لەسەر پیلانێك بۆ بەتایبەتكردنی نەخۆشخانەكە و چەند پرسیارێكی دیاریكراوی پێشكەشكرد. بەداخەوە ڕونكردنەوەكەی تەندروستی هەولێر بە هیچ جۆرێك وەڵامی پرسیارەكانمانی نەداوەتەوەو مەترسیەكانی ئێمەی نەڕەواندەوە.
بەرپرسانی تەندروستی هەولێر لە ڕونكردنەوەكەیان، بەبێ ناوهێنانی، دەڵێن گوایە نەخۆشخانەی د سوبحی الیعقوبی بۆ منداڵان بەشێكە لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین و خزمەتگوزاریەكانی بە خۆڕایی دەبێ.
ئەو قسانەی تەندروستی هەولێر نەك بۆ ئێمە، بەڵكو بۆ ئەو منداڵانەش جێگای بڕوا نیە كە لە نەخۆشخانەكە چارەسەردەكرێن. بۆ ئەو باوك و دایك بەرێزانەش مایەی پێكەنینە كە منداڵە ئازیزەكانیان دەبنە دەزگا تەندروستیەكانی هەولێر بۆ چارەسەر.
هەمو خەڵكی بێخزمەتی هەولێری پایتەخت دەزانن دۆخی نەخۆشخانەكان بە گشتی و ئەوەی منداڵان بە تایبەتی چۆنە. كەس نەماوە لە هەولێر نەزانێ كە منداڵ هەبوە لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین بەهۆی بێ شوێنیەوە، لەسەر ئەرز خەوێنراوە. باوك و دایك نەماوە لە هەولێر داوای لێنەكرێ لە بازار دەرمان بۆ منداڵە نەخۆشەكەی بكڕێ بەهۆی بێ دەرمانیی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینەوە. هەمو خەڵكی هەولێر دەزانن كە ئەوەی گوایە خزمەتی نەخۆشخانەكان بە خۆڕاییە چی بوختانێكی گەورەیە. تەندروستی هەولێر بۆچی خۆی لەوە بێخەبەر دەكا كە ئێواران ئیتر خۆڕایی نامێنێ و بەناوی سیستمی نیمچە تایبەتەوە خزمەت دەبێتە پارە؟
تەندروستكارە ماندونەناس و بێ موچەكانی نەخۆشخانەی ڕاپەڕین سەریان لەوە سوڕماوە كە بۆچی بینایەكی تازە بەناوی نەخۆشخانەی د سوبحی دروستدەكرێ و بە چۆڵی ماوەتەوە لە كاتێكا كە راوێژكاری نەخۆشخانەی راپەڕین بە پینەوە و پەڕۆ نۆژەنكراوەتەوە و بچوكترین خزمەتگوزاری تێدا نیە؟
ئێمە لێرەوە پرسیارەكانمان دوبارە دەكەینەوە. ئایا دەكرێ تەندروستی هەولێر پێمان بڵێ لە كوێی دونیادا هەبوە نەخۆشخانە لە ناو نەخۆشخانە دروستبكرێ؟ ئەگەر نەخۆشخانەی د سوبحی بەشێكە لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین بۆچی وەكو بەشێك لە نەخۆشخانەكە ناونەنرا؟ ئایا بۆچی لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی لەسەر نیە؟ ئایا بۆچی ناكرێتەوە و وەكو تەندروستی هەولێر دەڵێ بۆچی بە خۆڕایی ناخرێتە خزمەتی منداڵانی هەولێرەوە؟
گومانەكانی ئێمە لە خۆڕا نیە و شەڕ بەكەس نافرۆشین و بوختان بۆ كەس ناكەین. ئەوە ڕەفتارەكانی تەندروستی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی و دەسەڵاتی سیاسیە كە وامان لێدەكا گومان بكەین. تەندروستی هەولێر بە چی ڕویەكەوە وەڵام دەداتەوە لە كاتێكدا نەخۆشخانەیەكی گەورەی وەكو منداڵانی كوردستانی سەر ڕێگای مەسیف بە بەرچاوی ئەوانەوە دەدرێتە كۆمپانیایەكی توركی و دەكرێتە پرۆژەیەكی كەرتی تایبەت؟ ئایا نەخۆشخانەی منداڵانی كوردستان كە ئێستا بە ناوی سانتیلایڤەوە خەڵكی خۆشەویستی هەولێر دەڕوتێنێتەوە وەكو نەخۆشخانەی د سوبحی، بۆ خێرخوازی نەبو؟ ئایا ئەویش لەسەر ئەرزی گشتی و بە بودجەی گشتی دروستنەكرا؟ ئایا ئەویش بە شیرینی نەوتی كۆمپانیا و بازرگانەكانی نەوت دروستنەكرا؟ تەندروستی هەولێر ئەگەر راست دەكا فەرمو داوای گەڕاندنەوەی نەخۆشخانە دزراوەكەی سانتیلایڤ بكا لەباتی ئەوەی بیانوی بێ بنەما بهێنێتەوە.
لێرەوە دوبارە داواكارییەكانمان دەخەینە ڕوو و پێویستە دەستەبجێ جێبەجێبكرێن ئەگەر نا هەمو رێكارە مەدەنی و یاساییەكان لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان دەگرینە بەر بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوتكراوەكانی منداڵە چاوگەشەكانی هەولێر و كوردستان:
١. كردنەوەی دەستبەجێی بەشە تازەكەی نەخۆشخانەی راپەڕین.
٢. پێویستە خزمەتەكە بە تەواوەتی بەخۆڕایی بێ نەك چەند كاتژمێرێك بێبەرامبەر و ئیتر هەمو رۆژەكە بە پارە.
٣. كۆتایهێنان بە دیاردەی ناچاركردنی باوك و دایكی نەخۆش كە لە دەرەوە دەرمان بۆ منداڵەكانیان بكڕن.
٤. دەكرێ بەشی نۆژەنكراوەكە (د سوبحی) بكرێتە راوێژكاری چونكە بەشی راوێژكاری ئێستا نەگونجاوە.
٥. گۆڕینی ناوی بەشە نۆژەنكراوەكە بۆ بەشی د سوبحی نەك نەخۆشخانە و زیادكردنی لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی.
٦. دەركردنی ڕونكردنەوەیەك لە شێخ باز بەرزەنجی و كۆمپانیای كار بە ڕونی ئاماژە بەوە بكەن كە ئەو بەشەی نۆژەنیانكردوەتەوە بۆ كاری بزنس و تایبەت نیە و دەبێ بە بێ بەرامبەر بخرێتە خزمەتی منداڵانی هەولێرەوە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

هه‌واڵی گرنگ