تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی جارێكیتر گرفتەكانی نەخۆشخانەی هیوا دەخاتەڕوو بەمەبەستی چارەسەركردنی و ڕایدەگەیەنێت: نەخۆشخانەكە كێشەی كەمی دەرمانی هەیەو پێویستە ماوەی دوو مانگ كات بدرێت بە كۆمپانیاكان بۆ دابینكردنی دەرمانەكان.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
تۆڕی پارستنی تەندروستی بەردەوامە لەسەر بەدواداچوون بەمەستی چارەسەری گرفتەكانی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی
-دوابەدوای ئەوەی تۆڕەكەمان چەند داواكاریەكی ئاڕاستەی بەرپرسانی تەندروستی كرد بەمەبەستی چارەسەر كردنی گرفتەكانی نەخۆشخانەی هیوا، لەوانەش دانانی بەڕێوبەر بۆ ئەونەخۆشخانەیە كە ماوەی (دوو)مانگ بەڕێوبەری نەبوو خۆشبەختانە بەڕێوبەری نوێ بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دیاری كرا، بەڵام جارێكیتر گرفتەكانی ئەو نەخۆشخانەیە دەخەینەوە ڕوو بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكان بەزوترین كات، ئەمەش گرفتەكانە :
1.كێشەی كەمی دەرمان: پێویستە بەڕێوبەری نەخۆشخانەكە لە ماوەی (یەك) مانگ تەندەر بكات بۆ ئەودەرمانانەی لە ئێستادا نین یاخود كەم بونەتەوە، وە ماوەی (دوو) مانگ كات بدرێت بە كۆمپانیاكان بۆ دابینكردنی دەرمانەكان، واتا تا كۆتای مانگی (12)ی ئەمساڵ گرفتی كەمی دەرمان چارەسەر بكات.
2.گرفتی كارمەندانی خۆبەخش: پێویستە بەڕێوبەری نەخۆشخانەكە هەوڵی خۆی بدات بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كارمەندانی خۆبەخش لە ماوەی (یەك) مانگ ، ئەگەر چارەسەر نەكرا هۆكارەكەی هەر لایەنێكە بە شەفافانە باسی بكات ئەگەر نا خۆی بەرپرس دەبێت بەرامبەر ئەو بابەتە.
3.گرفتی پارەی بدل عیادات و دەوامی پزیشكانی پسپۆڕ: پێویستە بەڕێوبەری نەخۆشخانەكە هەوڵی خۆی بدات لە ماوەی (یەك) مانگ گرفتی نەدانی پارەی بدل عیادات چارەسەر بكات و وە ڕێگری بكات لە كاركردنی پزیشكانی پسپۆڕ لە كلینیكی تایبەت دوای پێدانی شایستە داراییەكانیان لە كاتی خۆیدا، ئەگەر نەیتوانی چارەسەری بكات بە شەفافانە هۆكارەكەی بۆ ڕای گشتی باس بكات ، ئەگەر ئەو هەنگاوانە نەنێت ئەوكات خۆی بەرپرس دەبێت.
4.بۆردی ئیداری: پێویستە بەڕێوبەری نەخۆشخانەكە بۆردی ئیداری دروست بكات كە پێكهاتبێت لە لێپرسراوانی گشت بەشەكان و هەموو (دوو) هەفتە جارێك كۆبونەوە ئەنجام بدەن بەمەبەستی پێشنیار و پلان و بڕیاردانی دروست لە چارسەری گرفتەكان و دوركەوتنەوە لە بڕیاری تاكلایەنانە كە لە ساڵانی پێشتر ئەو بۆردە لە نەخۆشخانەكە هەبوە ئەگەر ئەوە ئەنجام نەدات بەدڵنیای كەسێكی سەركەوتوو نابێت بۆ خزمەتی توشبوانی شێرپەنجە.
-پێویستە لەلایەن بەڕێوبەری نوێی نەخۆشخانەكە ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێ بكات كە هەمووی بۆ سودی بەرژەوەندی گشتی و خزمەتە بە نەخۆشی شێرپەنجە ، بەپێچەوانەوە تۆڕەكەمان بێدەنگ نەبێت لە كەمتەرخەمی كە هۆكارەكەی هەركەسێك بێت.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢٠/٩/٢٨